هەواڵگریی فەرەنسا لێکۆڵینەوە لە کەوتنە خوارەوەی سێ فڕۆکەی ڕافال لە پاکستان دەکات
بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی فەرەنسا بە تۆڕی هەواڵی(سی ئێن ئێن)ـی ڕاگەیاندووە، فڕۆکەی جەنگیی ڕافال، سەر بە هێزەکانی ئاسمانی هیندستان، بە سیستەمی بەرگریی پاکستان کەوتووەتە خوارەوە، ئەو ڕووداوەش یەکەم جارە بەسەر فڕۆکەی جەنگی ڕافالی فەرەنسیدا بێت لەوەتەی لە ساڵی 2001 بەکاردێت.
بەرپرسە هەواڵگرییەکەی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە لە کەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆکە جەنگییەی فەرەنسا دەکەن کە سیستەمی بەرگریی پاکستان زیاتر لە فڕۆکەیەکیان خستووەتە خوارەوە.
لەگەڵ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی نیشان نەدا. بەڵام پاکستان ڕایگەیاند: پێنج فڕۆکەی جەنگیی هیندستانیان خستووەتە خوارەوە، لەوانەش سێ فڕۆکەی جەنگیی ڕافالی فەرەنسی، فڕۆکەیەکی مێگ 29 و فڕۆکەیەکی سوخۆ 30ـی ڕووسی خستووەتە خوارەوە.
لەبارەی بەڵگەش لەبارەی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکان، خواجە ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: بۆ دەستکەوتنی بەڵگە لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکان، بڕۆن سەیری سۆشیالمیدیا بکەن و دیمەنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکان ببینن.
کۆمپانیای داسۆ ئەفیاسیۆنی فەرەنسی کە فڕۆکەی جەنگیی ڕافال دروست دەکات، ئامادە نەبوو وەڵامی هیچ پرسیارێکی تۆڕی هەواڵیی( سی ئێن ئێن) بداتەوە لەبارەی کەوتنە خوارەوەی سێ فڕۆکەی ڕافال لە پاکستان.
بەڵام سەرچاوەیەک لە لایەنی هیندستان بە میدیاکانی فەرەنسای ڕاگەیاندووە، هێزەکانی ئاسمانیان زیانیان بەرکەوتووە، بێ ئەوەی ناوی ئەو جۆرە فڕۆکانە بێنێت کە لە پاکستان خراونەتە خوارەوە .
دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی پاکستان ئەمڕۆ رایگەیاند: 24 کاتژمێری دیکە هەموو جوڵەیەکی ئاسمانیان لە وڵاتەکە هەڵپەساردووە، لەگەڵ ئەوەی پێشتر بەهۆی جەنگی نێوانیان لەگەڵ هیندستان، هەموو جووڵەیەکی فڕۆکەخانەکانی ڕاگرتبوو.