یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە دهۆک گیانی سپارد

بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی ئازادی ڕایگەیاند، یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە دهۆک گیانی سپارد. 

د. سەگڤان سلێمان، بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی ئازادیی لە شاری دهۆک، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "نزیکەی کاتژمێر 05:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 10-05-2025، یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە دهۆک گیانی سپارد."

د. سەگڤان سلێمان، ئاماژەی بەوەش کرد "تووشبووەکە ئافرەتێکی تەمەن 45 ساڵی دانیشتووی ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدییە و کاری ئاژەڵداریی دەکرد. سێ ڕۆژ پێش ئێستا هاتە نەخۆشخانەکەمان، گومانی لێ دەکرا تووشبووی تای خوێنبەربوون بێت، پشکنینمان بۆی کرد و ڕەوانەی تاقیگەکانی بەغدامان کرد."

بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی ئازادیی ئاماژەی بەوەش دا "ئێوارەی دوێنێ هەینی، 09-05-2025، ئەنجامیی پشکنینەکانی ئافرەتە تەمەن 45 ساڵییەکە دەرکەوتن و ئاشکرا بوو، تووشبووی تای خوێنبەربوونە. دوای چەند کاتژمێرێکیش لە ئاشکرابوونی ئەنجامەکان، گیانی سپارد."

وەکوو ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی ئازادی باسی کرد "بە گوێرەی زانیارییەکانمان، هیچ ئەندامێکی دیکەی خێزانی ئەو ئافرەتە تووشبووی نەخۆشییەکە نین." گوتیشی: دوو هەفتە پێش ئێستا سێ هاووڵاتیی دیکە سەردانی نەخۆشخانەکەیان کرد و گومانیان لێ دەکرا تووشبووی تای خوێنبەربوون بن، بەڵام دوای ئەوەی پشکنینیان بۆ کرا، دەرکەوت تووشبووی ڤایرۆسەکە نین و گەڕێنرانەوە ماڵەوە."

هەینی ڕابردوو، 02-05-2025، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا کە هاووڵاتییەکی شاری کۆیەیە، تەمەنی 42 ساڵە و پیشەی گۆشتفرۆشە.

د. سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تووشبووەکە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و دۆخی تەندروستیی جێگیرە . 

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەختی  لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی کردەوە و داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی هەبوونی نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگادار بکەنەوە. یاخود ئەو هاووڵاتییانەی  ئاژەڵ بەخێودەکەن، یاخود بەرهەمەکانی ئاژەڵ دروست دەکەن، لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.