عەبدولـلەتیف ڕەشید: لە دۆخی سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا نیگەرانین

لەگەڵ ئەوەی بەغدا ئامادەکاریی بۆ لوتکەی عەرەبی دەکات کە بڕیارە 17ـی مانگ دەست بە کارەکانی بکات، عەبدولـلەتیف ڕەشید ، سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوە کرد، چەند پرسێک لە لوتکەکە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا، سەرۆک کۆماری عێراق عەبدولـلەتیف ڕەشید گوتی: لە وڵاتانی عەرەبیدا کێشە و ئالەنگاریی زۆر هەن و لە لوتکەی بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و بڕیاری پێویستیشیان لەبارەوە دەدرێت، دەڵێت: بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە بەدواداچوون بۆ بڕیارەکان و جێبەجێکردنیان بکرێت.

عەبدولـلەتیف ڕەشید ئاماژەی بەوە کرد، عێراق دەبێتە بەشێک لەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەنێوان تەواوی لایەنە ناکۆکەکانی ناوچەکە، دووپاتیشی کردەوە، گرنگە هەمووان بەشداریی ئەو لوتکەیە بکەن، گوتی: عێراق پێشوازیی لە هەموو سەرۆک و فەرمانڕەوایان دەکات کە دێنە لوتکەکە.

لەبارەی بەشداریی سووریاش لە لوتکەکە، سەرۆک کۆماری عێراق گوتی: ئەو پرسە دەگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی سووریا، دووپاتیشی کردەوە کە سووریا وڵاتێکی دراوسێ و دۆستی گرنگی عێراق و تەواوی ناوچەکەیە، گەشبینی خۆی نیشاندا لەوەی، گەلی سووریا لە ئاشتی و ئارامیدا بژین دوای ساڵانێکی درێژ لە دوورەپەرێزی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی، هاوکات دڵخۆشی خۆی نیشاندا بەو گۆڕانکارییەی لە سووریا ڕوویدا، ئومێدی کرد تەواوی پێکهاتە و نەتەوەکان لە سووریا، بەشدارییان پێ بکرێت  لە پرۆسەی سیاسی.

لەبارەی بوونی هێزەکانی سەربازیی ئەمەریکا، سەرۆک کۆماری عێراق گوتی: مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سنووری سووریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش زۆر گرنگە، ترسی خۆشی نەشاردەوە لەو گرووپانەی لەنێوان سنووری عێراق و سووریادان، دووپاتی ئەوەی کردەوە، پێویستە پەیوەندیی لەنێوان هەردوولا بەردەوام بێت بۆ پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.