وردەکاریی ڕووداوە هاتوچۆکەی هەولێر.. حەوت کەس بریندار بوون
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ڕووداوەکەی ژێر پردی ڕزگاریی کە بەهۆی تیژڕۆیی ڕووی داوە، حەوت کەس بریندار بوون.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کاتژمێر 08:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 10-05-2025، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری 'تۆیۆتا ئەڤەلۆن' لە ژێر پردی ڕزگاریی شاری هەولێر، خۆی کێشا بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری 'تەکسی تۆیۆتا بیکاشۆ' و پاشان خۆی کێشا بە ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە جۆری 'جیلی'.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئۆتۆمبێلی تایبەتی جۆری 'ئەڤەلۆن' سێ کەس (شۆفێر و دوو ئامۆزای)، ئۆتۆمبێلی جۆری 'تەکسی تۆیۆتا' دوو کەس (خاوەنی تەکسییەکە و سەرنشینێک) و ئۆتۆمبێلی سێیەمیشیان کە لە جۆری 'جیلی' بووە، دوو کەس (کوڕ و باوکێک)ـی تێدا بووە و لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا، حەوت کەس بریندار بوون و هیچ کەسێک گیانی نەسپاردووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، ڕووداوەکە بەم شێوەیە ڕووی داوە: شۆفێری ئۆتۆمبێلی تایبەتی جۆری تۆیۆتا ئەڤەلۆن کە گەنجێکە، بە خێراییەکی زۆر بە ئاراستەی شەقامی کەسنەزان ڕۆیشتووە بەرەو شوێنی کارەکەی لە ناوچەی پیشەسازیی هەولێر وسەرکێشی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کۆنتRۆل لە دەست بدات، بەسەر شۆستەکەدا بچێتە ڕێڕەوی بەرانبەر و خۆی بەو دوو ئۆتۆمبێلەدا بكێشێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەیدا دووپاتیشی کردووەتەوە "ئەم ڕووداوە ئەومان پێ دەڵێت کە لێخوڕین بە خێرایی زۆر، سەرکێشی کردن و سەرقاڵ بوون لە کاتی لێخوڕین، ڕووداوی هاتوچۆی لێ دەکەوێتەوە. داوا لە شوفێران دەکەین لە کاتی لێخوڕین، سەرکێشی و تیژڕۆیی نەکەن، بۆ ئەوەی دووربن لە ڕووداوی هاتوچۆ."