نێردەی قەتەر بەدوای ڕوفاتی ئەو ئەمەریکاییانەدا دەگەڕێت کە لە سووریا کوژراون

لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی سووریا هەوڵی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمەریکا دەکات بۆ سەر وڵاتەکەی، سەرچاوەیەک بۆ میدیاکان ئاشکرای کردووە، نێردەی قەتەر دەستی بە گەڕان لە ڕوفاتی ئەو ئەمەریکاییانە کردووە کە پێشتر لە سووریا، بەدەستی داعش کوژراون.
ئەو سەرچاوەیە ڕایدەگەیەنێت: تیمی گەڕان و ڕزگارکردنی نێودەوڵەتیی قەتەر، بە هاوبەشیی ئەمەریکاییەکان، لە چوارشەممەی ڕابردووەوە دەستیان بە گەڕان کردووە.
ئاژانسی ڕۆیتەر بڵاوی کردووەتەوە، ئەو تیمەی قەتەر توانییویانە سێ ڕوفات بدۆزنەوە. بەرپرسێکی ئاسایشی سووریاش دەڵێت: ئەو ڕوفاتانەی دۆزراونەتەوە، تا ئێستا نەناسراونەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد تا کەی پرۆسەی گەڕان بەدوای ڕوفاتەکاندا بەردەوام دەبێت.