ڤیان سەبری: وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناڵێت هۆکار چییە مووچە نانێرێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی بەرانبەر بەغدا جێبەجێ کردووە و بەغدا هیچ تێبینی نەبووە لەسەر لیستی مووچە، کەچی مووچەی هەرێمی کوردستان نانێرێت و ناشڵێت هۆکار چییە کە مووچەکە نانێرێت.
شەممە 10ـی ئایاری 2025، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێشووتر وەزارەتی دارایی فیدراڵ تێبینی لەسەر لیستی مووچە هەبوو، کەچی ئەمجارەیان هیچ تێبینییەکیان لەسەر لیستی مووچە نەبوو، ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە لیستەکە هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام ئاماژە بەوە ناکات بۆچی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت.
ڤیان سەبری گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، نیوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمەکەی ڕەوانەی بەغدا کردووە. بەڵام حکوومەتی عێراق لەگەڵ ئەوەی مووچەی مانگی نیسانی تەواوی فەرمانبەرانی خۆی داوە، کەچی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت و ناشڵێت بۆچی مووچە نانێرێت لەکاتێکدا هیچ کێشەیەک لە لیستی مووچە نییە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پێویستە بەغدا مانگانە 960 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرێت. گوتیشی: وەزارەتی دارایی فیدراڵ زۆر جار ئەو پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.