عێراقییەکان: هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن گەندەڵن، ئیتر کێ سزای کێ بدات

گەندەڵی دارایی تەنگی بە عێراقییەکان هەڵچنیووە، هاووڵاتیان داوا دەکەن حکوومەت ڕێگریی له گەندەڵی بکات و گەندەڵکاران سزا بدات، ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکات، ڕێژەی گەندەڵی لە عێراق 26%ـە، بەو هۆیەوە سەرۆک وەزیران داوا دەکات کۆمەڵێک یاسا و ڕێنمایی دارایی هەموار بکرێتەوە تاکو بتوانن ڕووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە.
بە نێو هەر شەقامێکی بەغدا تێدەپەڕیت باس و خواسی گەرمی هاووڵاتیان گەندەڵیی و بەرتیلی نێو دامودەزگاکانی حکوومەتە، هەر بۆیە کاتێک وەک میدیاکار دەبینن مایک و کامێرات بەدەستەوەیە، داوات لێ دەکەن، چیرۆکی مامەڵەی خراپی لایەنە حکوومەتییەکانیان لەسەر زاری ئەوانەوە بگێڕیتەوە.
جاسم محەممەد، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "گەندەڵی تا قوڕگمان هاتووە، وەزارەتی تەندروستی لە هەمووی گەندەڵترە، وەڵڵاهی دوێنێ خێزانم نەخۆش بوو بردم بۆ نەخۆشخانە، لە فریاکەوتنەکە عەرەبانەیان نەبوو، خستمە سەر شانم بردمە ژورەوە، خوا ئاگادارە دەرزی و کانولەشیان نەبوو چووم لە دەرەوە کڕیم! بابە پارەی عێراق هەمووی ئەدزن."
ئەحمەد مالیکی، هاووڵاتی گوتی: هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن گەندەڵن، ئیتر کێ سزای کێ بدات؟ پەرلەمانتارێک کە کەمترین دەوام دەکات و مووچەکەی دەیان ملیۆن دینارە چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێت چارەی گەندەڵی بکات؛ کەسی واش هەیە 25 ساڵ لە ڕیزی سوپایە و 400 هەزار دینار خانەنشینی وەردەگرێت ئەمە کەی دادپەروەریە؟"
ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ئاشکرای کردووە کە ڕێژەی گەندەڵی لە عێراق 26%ـە، هەر بەو هۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کردووە کۆمەڵێک یاسا و ڕێنمایی دارایی هەموار بکرێنەوە تاکو بتوانن ڕێگریی لە تەشەنەکردنی گەندەڵی بکەن، چونکە بە ناوی مووچە و دەرماڵەی بەرپرسانی باڵا پارەیەکی زۆر بەهەدەر دەرێت، بۆ نمونە بریکاری وەزارەتەکان، مانگانە مووچە و دەرماڵەکانیان دەگاتە 129 ملیۆن دینار.
عەباس ڕوفێعی، لێکۆڵەری سیاسی دەڵێت: سیستەم، یاسا، ڕێنمایی و وشیاریی هەموو ئەمانە قەبارەی گەندەڵی کەم دەکەنەوە، بەڵام لە عێراق کاریان پێ ناکرێت، هاوکات دەبێت دەرماڵە و مووچەی پلە باڵاکانیش کەم بکرێتەوە تاکو دادپەروەری هەبێت، ئەو کات بەهەدەردانی پارە ڕوو نادات.
بەپێی ڕوونکردنەوەیەکی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کە بۆ پەرلەمانی عێڕاقی ناردووە، له دوای ساڵی 2003وە تاکوو ئێستا لە سەرجەم یاساکانی بوودجەی ساڵانی ڕابردوو، نزیکەی 450 ملیار دۆلار دیار نەماوە کە دەکاتە 40% هەموو یاساکانی بوودجەی عێراق .