سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: بە ئەگەرێکی زۆر سبەینێ دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی 4 دەکرێت
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتایی هات و لەدوای کۆبوونەوەکە وەزیرە کوردەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ناردنی مووچەی مانگی نیسان، قسەیان کردووە.
یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە کوردستان24 ڕاگەیاند؛ سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی چارەکردنی گرفتی مووچەی پێ داون و بەئەگەرێکی زۆر سبەینێ دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی نیسان (4) دەکرێت.
یەکشەممە، 11-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریی پرۆژەی ڕووناکی، لە گەڕەکی بەڕۆشکێی شاری دهۆکی بەسەر کردەوە. لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی پرۆژەکە و مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد.
لەبارەی مووچەی مانگی نیسان (چوار)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە "هەوڵەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن. سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی فەرمانبەر و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە تا ئێستا زۆر پشوودرێژ بوونە، بەڵام پێویستە ئەوانیش بزانن، حکوومەتی فیدراڵییە تا ئێستا مووچەی نەناردووە."
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە "لە پرسی مووچەی فەرمانبەران حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، هیوادارین حکوومەتی فیدراڵیش بێتە پێشەوە و ئەوانیش ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیدیکە بابەتی مووچە نەکەنە قەزییەیەکی سیاسی و وەک فشار لە دژی هەرێمی کوردستان بەکار نەهێنن. هیوادارین بە زووترین کات (خەرج بکرێت) و ئێمەش چاوەڕێ دەکەین."
زیاتر لە 45 ڕۆژە وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 20 ڕۆژە لیستی مووچەی ئەو مانگەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی سێشەممەوە، 22-04-2025 لە لایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کراوە.