تەندروستیی جیهانی: 16 ملیۆن سووریی پێویستیان بە هاوکاریی تەندروستی هەیە

تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، نزیکەی 16 ملیۆن کەس لە سووریا پێویستیان بە پاڵپشتیی تەندروستی هەیە، بۆیە داوا لە خێرخوازان دەکات پاڵپشتییەکانیان زیاتر بکەن، چونکە ژیانی خەڵک بەوەوە بەستراوەتەوە.
تیدرۆس ئەدهانۆم، لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، نزیکەی 16 ملیۆن کەس لە سووریا پێویستیان بە هاوکاری تەندروستیی بەپەلە هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەروونی پێشکەش بەو کەسانە دەکرێت کە بەهۆی ئاوارەییەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ڕوونیشی کردەوە، سندوقی ناوەندیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەڵامدانەوەی فریاگوزاریی، سێ ملیۆن دۆلاری دابین کردووە، بەمەش ڕێکخراوەکە تاڕادەیەک توانییویەتی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ زیاتر لە 500 هەزار کەس دابین بکات.