نزیكەی 100 هه‌زار منداڵ تووشی كۆرۆنا بوون
داوا دەكرێت قوتابخانەكان پارێزراوبن
K24- مینۆسیتا- ئەمەریکا:
راپۆرتێكی نوێی كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌كادیمیای ئه‌مەریكی بۆ پزیشكی منداڵان، ئاشكرای كردووه كه نزیكه‌ی 100 هه‌زار منداڵ تووشی په‌تای كۆرۆنا بوون له‌ماوه‌ی 2 هه‌فته‌ی كۆتایی مانگی ته‌ممووز.
به‌گوێرەی كۆمه‌ڵه‌كه سه‌لمێنراوه كه زیاتر له 97 هه‌زار منداڵ هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان له ماوه‌ی 16ی ته‌ممووز بۆ 30 ته‌ممووز.
له‌نێو نزیكه‌ی 5 ملیۆن حاڵه‌تی تووشبوو بە كۆرۆنا كه تائێستا له ئه‌مه‌ریكا تۆماركراوه، مایكل جۆرج به ته‌له‌ڤزیۆنی سی بی ئێس -ی راگه‌یاند كه 338 هه‌زار زیاتریان منداڵن.
د. تینا هارتیرت، له زانكۆی ڤاندربیلت له ویلایه‌تی تێنیسی، ئومێده‌واره كه زیادكردنی پشكنینی تاقیگه‌یی یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ دیاریكردنی چاره‌سه‌ری خێرا و رێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه له نێو منداڵاندا و به‌تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌ی كه قوتابخانه‌كان به رووی قوتابیاندا ده‌كرێنه‌وه.
گوتیشی: "تیمی گه‌رۆك ئه‌گه‌ڕێن به خوێندنگاكان و خێزانه‌كان فێرده‌كه‌ن كه چۆن سمپلی منداڵه‌كانیان وه‌رگرن و دواتر ئه‌و سمپلانه له‌خێزانه‌كان وه‌رده‌گیرێن و ده‌نێردرێن بۆ سه‌نته‌ری پشكنین".
شاری نیویۆرك، به‌رفراوانترین شوێن و ناوچه‌ی خوێندن و كردنه‌وه‌ی خوێندنگایه له ئه‌مه‌ریكا، بۆیه بێل دی بیلاسیۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی ئه‌و شاره بانگه‌وازی ئه‌وه‌ی كردووه كه له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه بۆ خوێندن له پایز-دا پێویسته گرنگی به به‌رنامه‌ی خۆ-فێربوونی ته‌ندروستی بدرێت كه بریتییه له كۆمه‌ڵێكی جۆراوجۆری خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی.
بیلاسۆ به‌ڵێنیداوه كه به‌رپرسان به به‌رده‌وامی كاربكه‌ن بۆ دەستهبهركردنی ئه‌م جۆره له فێربوونه له كۆمه‌ڵگه‌دا.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا رۆژی 8ی ئەم مانگە، گوتی: "به‌ر له خوێندن ئامانج سه‌لامه‌تی گیانی قوتابیانه. بۆیه فێركردنی قوتابیان له‌سه‌ر خۆپارێزی سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی خوێندنی ئه‌مساڵ ده‌بێت".
تائێستا 25 منداڵ له ئه‌مەریكا به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان له‌ده‌ستداوه، بۆیه فشارێكی گه‌وره له‌سه‌ر سه‌رپه‌رشتانی په‌روه‌رده‌یی-یه بۆ پاراستنی زیاتر له 13 هه‌زار ناوچه‌ی فێركاری له‌سه‌رتاسه‌ری ئه‌مه‌ریكا.
دان ئهپلیگهیت به‌رێوه‌به‌ری نایلز له ویلایه‌تی میشیگان پێیوایه به‌كارهێنانی ده‌مامكی پلاستیكی (شێوه كڵاو) باشترین چاره‌سه‌ره بۆ منداڵان بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی قسه‌كردن پێكه‌وه پارێزراو بن. وتیشی: "رێنمایی دراوه كه هیچ خوێندكار و قوتابییه‌ك به‌بێ ماسك نابێت ده‌وام بكات".
هه‌روه‌ها شاره‌وانی لورانس له ویلایه‌تی ئیندیانا كاری پاككردنه‌وه‌ی خوێندنگا‌و قوتابخانه‌كانی له‌ئه‌ستۆ گرتووه به به‌كارهێنانی سپرای پاككه‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان.
به‌پێی داتاكانی زانكۆی جۆنز هۆبكنز، دوێنێ 9ی ئاب، ژماره‌ی تووشبووان به كۆڤید-19 له ئه‌مریكا، 5 ملیۆن كه‌سی تێپه‌راند. به‌مه‌ش ئه‌مه‌ریكا یه‌كه‌م وڵاته له جیهاندا زۆرترین ژماره‌ی تووشبووی هه‌یه‌و 162 هه‌زار كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه.
به‌پێی ئاماره‌كان ژماره‌ی گشتی تووشبووان به كۆرۆنا له جیهاندا گه‌یشتووەته 20 ملیۆن كه‌س. به‌مه‌ش 25%ی تووشبوون به ڤایرۆسه‌كه له ئه‌مه‌ریكایه له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا 4%ی دانیشتوانی جیهانه.