ئیداره‌ی تره‌مپ چی له ئه‌مه‌ریكا ده‌كات!
هه‌تا له‌وه خراپتره كه تۆ بیری لێده‌كه‌یته‌وه
K24- مینیسۆتا- ئەمەریکا:
كتێبی "ترس و توڕه‌یی" هه‌وڵ ده‌ده‌یت بیخوێنیته‌وه، به‌ڵام كتێبی "هه‌تا له‌وه خراپتره كه تۆ بیری لێده‌كه‌یته‌وه: ئیداره‌ی تره‌مپ چی له ئه‌مه‌ریكا ده‌كات" پێویسته بیخوێنیته‌وه. د‌یڤید كه‌ی جۆنستۆن، نووسه‌ر و براوه‌ی خه‌ڵاتی پۆلێتزه‌ر و رۆژنامه‌نووسێكی لێكۆڵه‌ر له ساڵی 2001 له رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز، له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا چقلێكی به‌رده‌وام بووه له‌ته‌نیشت دۆناڵد تره‌مپه‌وه. جۆنستۆن له دوای كتێبی "دروستكراوی دۆناڵد تره‌مپ" كه من بۆخۆم هێشتا ئه‌و كتێبه‌م نه‌خوێندووه‌ته‌وه، كتێبی " ئیداره‌ی تره‌مپ چی له‌ئه‌مه‌ریكا ده‌كات"ی له ناوه‌ڕاستی 2018 به‌چاپ گه‌یاند.
له جۆرج واشنتنه‌وه بۆ دۆناڵد تره‌مپ
نووسه‌ر له‌پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌یه‌كی خێرا به به‌شێك له‌و سه‌رۆكانه ده‌دات، كه دنیایه‌كی رووناكییان بۆ ئه‌مه‌ریكا به‌دیهێناوه. له ساڵی 1789 ده‌ستپێده‌كات، كاتێك ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئه‌زمونێكی نوێیان له ئۆتۆنۆمی رادیكاڵی هه‌ڵبژارد. جۆرج واشنتنیان به دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و حوكمه نوێیه دانا و ئومێدیان خواست له‌سه‌ر پارچه‌یه‌كی زه‌وی ئه‌م دنیایه، حكومه‌تێكی فیدراڵی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئه‌وروپا جێگیر بكه‌ن. هه‌روه‌ها تۆماس جیفرسن سه‌ربه‌خۆی بۆ راگه‌یاندین. دوای ئه‌و ئه‌براهان لینكۆڵین مافێكی ده‌ستوری بۆ هه‌موو ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌سته‌به‌ر كرد، كه هه‌مووان بێ جیاوازیی ئیتنی، ئاین و ره‌نگ یه‌كسان بن. دێته سه‌ر باسی سیۆدۆر رۆسفێڵت، كه ره‌خنه‌ی له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان گرت، بۆیه سێ بواری گرنگی گرته‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ئیستغلالی ئه‌و نه‌كه‌ن ئه‌ویش: پارێزگاری سه‌رچاوه سروشتییه‌كان، كۆنترۆڵی كۆمپانیاكان و پاراستنی به‌كاربه‌ر. دواتر باسی ئازایه‌تی فرانكلین رۆزفێڵد ده‌كات، كه چۆن توانی له خراپترین قه‌یرانی داراییدا، جه‌نگی دووه‌می جیهانی به‌قازانجی ئه‌مه‌ریكا كۆتایی پێ بهێنێت. به‌دوایدا دیته سه‌ر باسی دۆیت ئه‌یزنهاوه‌ر و جۆن كێنیدی و ریتچارد نیكسۆن تا ده‌گاته رۆناڵد ریگان، كه ئاینده‌یه‌كی نوێیان به دنیای ئه‌مه‌ریكا به‌خشی، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: "ده‌بێت ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ چی به ئه‌مه‌ریكییه‌كان ببه‌خشێت؟".
ئیداره‌ی تره‌مپ مێرووی سپیی سیاسی دامه‌زراندووه
هه‌میشه كاره‌كانی جۆنستۆن جۆرێكی رۆژنامه‌گه‌ریی بووه له تێكه‌ڵه‌یه‌كی كاری دادگایی و چاره‌سه‌ری قه‌زایی، بۆیه ده‌ڵێت: "روماڵی سیاسی و ناكۆكییه‌كانیان به‌س نییه. زۆرجار ئه‌و هه‌واڵه گرنگی زیاتره، كه هێشتا پشكنینی بۆ نه‌كراوه، ده‌رخستنی درۆی حكومه‌ت و به‌ڵگه‌نامه‌كانیان گرنگتره".
هه‌روه‌ها یه‌كێك له ناكۆكییه‌كانی جۆنستۆن له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسه‌كانی دیكه ئه‌وه‌یه، زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسان به تویته‌كانی سه‌رۆكه‌وه سه‌رقاڵن، له‌كاتێكدا ئه‌م كاركردنه زیانی گه‌وره‌ی به ئه‌مه‌ریكا گه‌یاندووه، چونكه گه‌نده‌ڵییه‌كانی بیر بردوونه‌ته‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت: "ئیداره‌ی تره‌مپ مێرووی سپیی سیاسی دامه‌زراندووه، كه بنكۆڵی ته‌واوی پێكهاته‌ی حكومه‌تیان كردووه، كه كۆمارییه‌كان هه‌میشه ده‌یانه‌وێت حكومه‌تێكی بچوك و لاواز هه‌بێت". نموونه‌ی مێرووی سپیی سیاسی به كه‌سێكی وه‌ك سكۆت برویت-ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی پاراستنی ژینگه، ده‌هێنێته‌وه. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حسابی ته‌ندروستی جه‌ماوه‌ر بووه و له‌كاتی وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌یدا تره‌مپ هه‌ڵایه‌كی میدیایی دروستكرد، له‌كاتێكدا ئه‌م مێرووه سپییه كه‌مترین ناوبانگی هه‌یه.
كتێبه‌كه‌ی جۆنستۆن كه له 268 لاپه‌ڕه پێكدێت، باس له‌وه ده‌كات، تره‌مپ فشاری خسته سه‌ر سه‌رۆكی لیژنه‌ی فیدراڵی رێكخستنی وزه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه. ئه‌وه‌ش وایكرد، ته‌نیا دوو ئه‌ندام له لیژنه‌كه بمێننه‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌و لیژنه‌یه پێویستی به سێ ئه‌ندامه بۆ ته‌واوكردنی رێژه‌ی یاسایی له كاتی ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌ر مه‌له‌فێك. ئه‌مه مانای ئه‌وه بوو، لیژنه‌كه له‌توانایدا نه‌بوو ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژانه‌ی وزه ده‌رببڕێت كه بایی 50 ملیار دۆلارن، ئه‌مه‌ش له‌قازانجی تره‌مپ مایه‌وه.
د‌رك به‌ئاستی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ناكات
جۆنستۆن له زۆربه‌ی به‌شه‌كانیدا، له به‌هانه‌ی هیچ و پووچ و لاوه‌كیدا نوقمت ناكات. به‌پێی نووسه‌ر، تره‌مپ به‌ڕێكردنی ژیانی سیاسی بێ به‌ها وه‌رده‌گرێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده و سه‌رۆكی گروپی گه‌نده‌ڵ و بازرگاندا، بۆ نموونه له‌لاپه‌ڕه‌ی 6 ـدا ده‌ڵێت: "تره‌مپ د‌رك به‌ئاستی ئه‌خلاقی هه‌ڵسوكه‌وت و سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ناكات، كه له‌سه‌ر سووككردنێكی ئاشكرای پره‌نسپه ده‌ستورییه‌كان بنیاتی ده‌نێت". یاخود له‌لاپه‌ڕه‌ی 8 ـدا نووسه‌ر ده‌ڵێت: "تارگێتی (ئامانجی) تره‌مپ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنی دوڵه‌تی ئیدارییه"، له لاپه‌ڕه 14 ـدا نووسیویه‌تی: "وێنه‌یه‌كی دیاریكراو له‌نێوان ئه‌ركه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی و قازانجه شه‌خسییه‌كانیدا نییه".
نووسه‌ر كاتێك دێته سه‌ر باسی باج، شێوازی ده‌رخستنی ئه‌خلاقی دارایی تره‌مپمان نیشان ده‌دات. یانه‌یه‌كی وه‌ك (مار- ئه- لۆگۆ) كه به‌هاكه‌ی 50 ملیۆن دۆلاره، كه‌چی كه دێته سه‌ر باجی ساڵانه‌كه‌ی ئه‌و موڵكه، تره‌مپ ده‌ڵێت: "ئه‌و موڵكه ته‌نیا بایی 5 ملیۆن دۆلاره". هه‌روه‌ها له‌كتێبه‌كه‌یدا و له لاپه‌ڕه 47 و 48 ـدا یه‌كێك له‌و هه‌نگاوانه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ رون ده‌كاته‌وه، كه نه‌هێشتنی پاره‌یه لای ئاژانسی بازرگانی و گه‌شه‌پێدان، كه به‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌كه بۆ رێكخستنی قازانجی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه درووستكراوه. نووسه‌ر له‌و به‌شه‌دا كه له‌ژێر ناوی "كار" نووسیویه‌تی، ده‌ڵێت: "ئیداره‌ی تره‌مپ وای خسته‌ڕوو، كه ده‌كرێت ئه‌م ئاژانسه به كه‌رتی تایبه‌ت باشتر به‌ڕێوه‌بچێت. له‌كاتێكدا ئیداره‌ی تره‌مپ خۆی ئاماژه‌ی به‌وه داوه، له‌ساڵی 2016ـدا هه‌نارده‌كردنی ئه‌مه‌ریكای به به‌های 3 ملیار دۆلار پێشخستووه و ده‌شڵێت: ئه‌م هه‌نارده‌كردنه بووه پاڵپشتێكی باش بۆ 18 هه‌زار ده‌ستی كار و پله‌ی وه‌زیفی له ئه‌مه‌ریكا، هه‌روه‌ها ئیداره‌ی تره‌مپ داوای له كۆنگرێس كردووه، ده‌سه‌ڵاتی بداتێ، بۆ ئه‌وه‌ی له ساڵی داهاتوو 75 ملیۆن دۆلار بۆ ئاژانسه‌كه خه‌رج بكات. كه‌چی دواتر داوای داخستنی له كۆنگرێس كردووه.
هه‌ر له‌و به‌شه‌دا جۆنستۆن روونیده‌كاته‌وه، ئیداره‌ی تره‌مپ پێمان ده‌ڵێت: ئه‌مه له‌رێگه‌ی سێكته‌ری تایبه‌ته‌وه باشتر ده‌كرێت، به‌ڵام ئاژانسی بازرگانی له هه‌ر 95 دۆلار كه‌لوپه‌لی هاورده‌كراوه، دۆلارێك ده‌گێڕێته‌وه، له‌مه‌وه دیاره كه كاره‌كه‌ی ئه‌وان سوودی زیاتر و پرۆفیشناڵانه‌تره له‌وه‌ی بدرێته كه‌رتی تایبه‌ت. ده‌شڵێت: " خه‌رجی پرۆسه‌ی ئاژانسه‌كه له‌پێدانی باجدا 75 ملیۆن دۆلاره. ئه‌مه‌ش مانای وایه هه‌ر دوو سه‌رچاوه‌ی فرۆشتنی كه‌لوپه‌ل و خزمه‌تگوزارییه‌كان به به‌های 752 دۆلار له ده‌ره‌وه به‌رامبه‌ر 1 دۆلار باج له هاورده‌كردن وه‌رگیراوه."
نووسه‌ر پێیوایه له‌م دوو نموونه‌یه‌وه تاڕاده‌یه‌ك بێ عه‌قڵی تره‌مپ به‌رامبه‌ر هه‌ر شتێك ده‌ركه‌وێت، كه له یه‌كه‌م ساڵی ده‌سه‌ڵاتیدا پیاده‌ی كردووه، بۆ نموونه سه‌رپێچییه یاساییه‌كانی ئه‌مالیۆمێنت (ئه‌مالیۆمێنت واته مووچه، رسومات، قازانج، كرێ و نووسینگه)، پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه داراییه‌كان، سیاسه‌تی به‌رهه‌ڵستیكردنی ژینگه، داشكاندن له فێركردن و خه‌سخه‌سه‌ی فێرگه‌ی گشتی، پێشێلكردنی ده‌ستوور و سه‌روه‌ری یاسا و هه‌موو ئه‌و هه‌ڵانه‌ی دیكه‌ی له‌سه‌ر ئاستی دنیا.
تره‌مپ خواستی دیكتاتۆریه‌تی هه‌یه
جونستۆن به‌ڕوون و ئاشكرایی پێمان ده‌ڵێت: دیسپلین و پارسه‌نگی ده‌ستوری ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ فه‌شه‌لی هێناوه. هه‌روه‌ها ئه‌و پێشێلكاری به‌نده‌كانی ئه‌مالیۆمێنت-ی كردووه و حزبی كۆماری كه ئێستا به‌رپرسه له زۆر به‌شی حكومه‌ت (ته‌نفیزی، ته‌شریعی، دادوه‌ری و خۆجێیی) شكستی هێناوه له‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه له تره‌مپ بكات، یاخود له زۆرێك له‌و به‌رژه‌وه‌ندییه دژبه‌یه‌كه داراییانه چاره‌سه‌ری تره‌مپ بكه‌ن، كه ده‌یكات. ده‌شێت له ئاینده‌دا كۆمارییه‌كان رووبه‌ڕووی ترس ببنه‌وه، وه‌ك ده‌بینرێت تره‌مپ خواستی دیكتاتۆریه‌تی هه‌یه. یه‌كێك له‌و كاره ئابڕوبه‌رانه‌ی كه ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ باوه‌ڕی پێیه‌تی و جۆنستۆن له‌به‌شی چواره‌مدا له ژێر ناوی "خه‌ڵوزی به‌ردی و كه‌شوهه‌وا و ره‌تكردنه‌وه‌ی زانست" باس ده‌كات: له‌قكردنی یاسا و رێساكان و پاراستنی ژینگه به‌پێی یاسای دابینكردنی ئاوی خاوێن و هه‌وای پاكژ. ده‌شڵێت: "تره‌مپ كه‌سێكی وه‌ك سكۆت برویتی به (به‌رێوه‌به‌ری ئاژانسی پاراستنی ژینگه) دامه‌زراند، كه دیارده‌ی په‌نگخواردنی گه‌رمی ره‌تده‌كاته‌وه، ئه‌م پیاوه وه‌ك تره‌مپ هه‌رگیز رێزی ژینگه‌ی لا نییه".
هه‌موو دۆكیۆمێنته‌كانی نووسه‌ر، له زۆر رووه‌وه ره‌فتاری ناپه‌سه‌ندی تره‌مپۆكراسییه، له‌وانه كه‌مكردنه‌وه‌ی دارایی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و دووركه‌وتنه‌وه له كاری دیپلۆماتیی قوڵ. له به‌شی پێنجه‌مدا له‌ژێر ناوی "كاروباره‌كانی گلۆباڵ" ده‌نووسێت: "له‌كاتێكدا 14 ملیار دۆلاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ده‌بڕێت له‌بڕی 50 ملیار، كه‌چی تره‌مپ 54 ملیار دۆلار بۆ بودجه‌ی سوپا زیاد ده‌كات. هه‌روه‌ها بودجه‌ی پێنتاگۆن نائاشكرایه و به‌پێی چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك به ترلیۆن دۆلار ونه یان نه‌زانراوه".
تره‌مپ بیركۆڵه له‌سۆزداریدا
نووسه‌ر له‌و بڕوایه‌دایه، تره‌مپ له رووی هاوسه‌نگی سۆزداری، مه‌عریفه و چالاكی بیركردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی و حوكمدانه‌وه، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی باڵا، كه‌سێكی هه‌ژاره. بۆیه له لاپه‌ڕه 258 ـدا له ئه‌نجامی كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "تره‌مپ بیركۆڵه له‌سۆزداریدا، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئه‌م جۆره سیفه‌تانه‌یان هه‌یه، واقیع بۆ گونجاندنی دۆخی سایكۆلۆژییان ده‌شێوێنن و هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر راستییه‌كان، كه له‌لایه‌ن زانایان و رۆژنامه‌نووسانه‌وه بۆ بینه‌ر، خوێنه‌ر و بیسته‌ران ده‌گوازرێته‌وه". هه‌ر له‌و دیدگایه‌وه، به‌پێی جۆنستۆن له‌لاپه‌ڕه 262 ـدا، دۆناڵد تره‌مپ نه‌خۆشییه‌كی سیاسی نییه كه تووشی ئه‌مه‌ریكا بوو بێت به‌ڵكو تره‌مپ نیشانه‌كانیه‌تی. به‌ڵام نووسه‌ر ئه‌و گوناهه ده‌خاته ئه‌ستۆی زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان به تره‌مپ داوه و پێیوایه ئه‌وه ده‌نگده‌ری ئه‌مه‌ریكییه به‌رپرسه له‌سه‌رخستن و هێنانه خواره‌وه‌ی تره‌مپ، بۆیه له‌لاپه‌ڕه 264 ـدا ده‌ڵێت: "ملیۆنه‌ها كه‌س ده‌نگیان به نمایشكارێكی نێرجسی دا، هیچ شتێك ده‌رباره‌ی ژیان نازانێت ته‌نیا هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنێكی نمایشكارانه نه‌بێت و تێكڕای ژیانی فریودانی ئه‌وانه‌ی چوارده‌وری بووه".
نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه 268 و لاپه‌ڕه‌ی كۆتایدا ده‌ڵێت: "ده‌ستوره‌كه‌مان له بزووتنه‌وه‌یه‌كی رۆشنگه‌رییه‌وه له‌دایك بوو، به‌هۆی بیرۆكه‌ی ئه‌م مه‌عریفه‌یه و زیره‌كی و عه‌قڵ و گفتوگۆی گشتیی به‌هێزه‌وه توانرا كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی باشتر به‌رهه‌م بهێنرێت له‌وه‌ی پلانی له‌لایه‌ن عه‌قڵی دۆگما و سوڵتانه‌وه بۆ دانرێت، كه وه‌ك مافێكی ئیلاهی بانگه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵات بكات".
ده‌توانین بڵێین: جۆنستۆن خاوه‌نی پێنج كتێبی دیكه‌یه، یه‌كه‌م كتێبی له ساڵی 1992 به‌چاپ گه‌یاندووه، پڕفرۆش‌ترین كتێبیشی تا ئێستا ئه‌م كتێبه‌ی بووه، كه له 8 به‌ش پێكهاتووه و ساڵی پار به چاپی گه‌یاند.
H.B