لوفیگارۆ: ئیسرائیل هەڕەشە لە فەرەنسا دەکات

جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کرد، وڵاتەکەی ڕێکاریی توند دەگرێتە بەر ئەگەر دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنرێت، پێشتر ڕۆژنامەی لوفیگارۆی فەرەنسی لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی ئیسرائیلەوە گواستویەوە، ئیسرائیل کەنارەکانی ڕۆژئاوای فەڵەستین بەخۆیەوە دەلکێنێت ئەگەر فەرەنسا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت.

ئاستی لێدوانە توندەکانی ئیسرائیل بەرانبەر فەرەنسا بەرزتر دەبن، لەو کاتەی کە لوتکەی نێودەوڵەتی بڕیارە مانگی داهاتوو لە نیوۆرک ببەسترێت لەپێناو چرەکردنی کێشە و ئاڵۆزیی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و دروستکردنی دوو دەوڵەت، ئیسرائیلیش هەڕەشە لە سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دەکات ئەگەر دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت، ئاماژە بەوەشدەکات، ڕێکاریی یەکلاکەرەوە دەگرێتە بەر ئەگەر فەرەنسا لەگەڵ وڵاتانی دیکە کارێک بکەن فەڵەستین بکەن بە دەوڵەت، لەگەڵ ئەوەی لە نیسانی ڕابردوو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، کاتی ئەوە هاتووە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێین.

جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەڕەشەی کرد و دەڵێت: وڵاتەکەم ڕێکاریی یەکلاکەرەوە و توند دەگرێتە بەر، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین.

ڕۆژێک بەر لە لێدوانەکەی ساعر، ڕۆژنامەی لوفیگارۆی فەرەنسی لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی ئیسرائیل بڵاوی کردبووەوە، ئیسرائیل بە لکاندنی کەنارەکانی ڕۆژئاوا، وەڵامی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەداتەوە لەلایەن فەرەنساوە.