ئەحمەد شەرع لە عێراق هەڕەشەی لێدەکرێت

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاشکرای دەکات، لەبەر ئەوەی پێشتر چەند سەرکردەیەکی شیعی لە عێراق هەڕەشەیان لە ئەحمەد شەرع کردووە بەشداریی لوتکەی عەرەبی بەغدا نەکات، چونکە لە عێراق داواکراوە، بۆیە شەرع لەبری خۆی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە بۆ لوتکەکە دەنێرێت.

یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، شڤان جەباری ڕایگەیاند: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بانگهێشتی 22 وڵاتی عەرەبی کردووە کە ئەندامن لە لوتکەی عەرەبی، بۆ ئامادەبوون لە لوتکەی عەرەبی لە بەغدا، بەڵام 16 وڵات ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئامادەبوون، لە کاتێکدا قەتەر و سعوودیە، ئوردن و کوەیت، جەزائیر و تونس، سەرۆکی وڵاتەکەیان ئامادەنابێت، بەڵکو وەزیرانی دەرەوەیان، یاخوود وزەیان ئامادە دەبێت کە بڕیارە 17ـی مانگ لە بەغدا بەڕێوەبچێت.

لەبارەی ئامادەبوونی ئەحمەد شەرعم سەرۆکی سووریاش، پەیامنێری کوردستان24 لەبەغدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، چەندین پەیامی لەلایەن سەرکردە شیعییەکانی عێراقەوە بۆ نێردراوە بۆ ئەوەی نێتە عێراق، چونکە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەرییەوە داواکراوە، هاوکات داوایان لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش کردووە بانگهێشتی نەکات بۆ لوتکەکە.

عەدنان سەراج، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتبووی: ئەحمەد شەرع داوای لێبووردنی کردووە و ئامادەی  لوتکەی عەرەبی نابێت لە بەغدا، بەڵکو ئەسعەد شەیبانی لەبری خۆی دەنێرێت، ئەو ڕاوێژکارە هۆکاری بەشداریی نەکردنی شەرع بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ماوەی ڕابردوو، سووپای سووریای نوێ، لەگەڵ درووزەکان کێشە و ئاڵۆزییان دروستکردووە، بۆیە پێیان وایە سەرکۆنەی ئەحمەد شەرع دەکرێت لە لوتکەکە، لەبەر ئەوەیە نایەوێت ئامادە بێت.

لە دوا پەیامیشدا، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ ئەحمەد شەرع دەڵێت: هیوادارین نەیەییتە بەغدا، ئەگەر بێی باش نابێت، ئەو پەیامەی مالیکیش وەک هەڕەش لێکدراوەتەوە.

لەماوەی ڕابردوودا، قەیس خەزعەلی و چەندین سەرکردەی دیکەی شیعی، لە میدیاکان و بۆ ئەحمەد شەرعیش ڕاستەخۆ پەیامیان ئاڕاستە کردووە کە نەیەتە عێراق.

ڕۆژی 14ـی مانگ، تاکوو ڕۆژی 18ـی مانگی ئایار، قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماتۆڕسکیل و توکتوک و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ڕادەگەیەندرێت، ڕۆژی 15ـی مانگ تاکوو 18ـی مانگیش، پشووی فەرمییە  لەسەرجەم دام و دەزگاکانی عێراق، جگەلە وەزارەتی پەروەردە کە ئێستا قوتابییان لەنێو تاقیکردنەوەدان، بەو شێوەیە حکوومەتی عێراق دەیەوێت ڕێکارە ئەمنییەکان توند بکات بۆ بەڕێوەبردنی لوتکەی عەرەبی.