هاوپەیمانانی کێیف: ئاگربەست یاخوود سزای نوێ

فشارەکانی سەر ڕووسیا زیاتر دەبن بۆ ڕازی بوون بە پێشنیازیی ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ، وڵاتانی ئەوروپاش هۆشداریی دەدەن لەوەی کرملین ئەو پێشنیازە ڕەت بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئاڵۆزییەکان بەرەوامن و ئۆکرانیاش ڕووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە هێرشەکانی ڕانەگرتووە و بەردەوامە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوێنێ ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی گفتوگۆ لەبارەی ناردنی هێزی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا دەکات لەو ئاڵۆزییەی لەگەڵ ڕووسیا هەیەتی، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد کە بوونی سەربازیی فەرەنسا لە ئۆکرانیا بە چ شێوازێک دەبێت.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ ڕۆژنامەی لیوباریان دەڵێط: کار لەسەر وڵاتانی هاوپەیمانە بوونی سەربازییان لە ئۆکرانیا هەبێت، بۆ ئەوەش پەیوەندیی  لەنێوان فەرماندە و سەرکردە سەربازییەکانی سووپای بەریتانیا و فەرەنسا و ئۆکرانیا کراوە..

کێیفی پایتەختی ئۆکرانیا سەرۆکە باڵاکانی ئەوروپای کۆکردەوە، لەوانە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا فریدریچ مێرتز، كێیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دۆناڵد توسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، کە پشتیوانی خۆیان بۆ ئاگربەست ڕاگەیاند بۆ ماوەی 30 ڕۆژ کە لە دووشەممە 12ـی مانگەوە دەستپێدەکات، ئەوەش بە پشتیوانی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ کە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی ئاگربەستەکەی ڕاگەیاند.

ماکرۆن دووپاتی کردەوە، وڵاتانی هاوپەیمانی ئەو وڵاتانەی خواستیانە پشتیوانی ئۆکرانیا بکەن، سزای توند بەسەر ڕووسیا دەسەپێنن ئەگەر ئەو پیشنیازەی ئاگربەست ڕەت بکاتەوە، یاخوود پێشێلی بکات.