هێشتا 250 کیلۆمەتر چوارگۆشە ڕووبەری مینڕێژکراو لە هەرێمی کوردستان پاک نەکراوەتەوە

ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆی 776 کیلۆمەتر چوارگۆشەی زەوەی مینڕێژکراو، هێشتا 250 کیلۆمەتر چوارگۆشە ماوە پاک بکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، تاڵیب خالید، ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "لە کۆی 776 کیلۆمەتر چوارگۆشەی زەوەی مینڕێژکراو، هێشتا 250 کیلۆمەتر چوارگۆشە ماوە پاک بکرێتەوە و ڕۆژانە تیمەکانی مینلابەری دەزگای مین لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان لەکاردان و بۆ هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنییەکان."
ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی دەزگای گشتیی کاروباری مین دەڵێت: زۆرترین ناوچەی مینڕێژکراو لە هەرێمی کوردستان، دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی و بە دیاریکراوی قەزای پێنجوێن، زۆرترین ناوچەی مێنڕێژ کراوی هەیە.
دەشڵێت: دەزگای گشتی کاروباری مین، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، لە کاردان بۆ پاککردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکان.
تالیب خالید، ئاماژەی بەوەش دا، دەزگای مین گرفتی سەرەکی نەبوونی ئۆتۆمبێل و هۆیەکانی گواستنەوەیە بۆ گەیاندنی تیمەکانی مینلابەر بۆ سەر کێڵگەمینەکان؛ قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان هۆکارێکی تری گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی لابردنی مینە. هەروەها نەبوونی یاسای ماف و ئیمتیازاتەکانی پیشەگەرانی مین یەکێکی ترە لە گرفتەکان.
باسی لەوەش کرد، ئەو مین و تەقەمەنیانەی ئەمڕۆ لەناو دەبرێن هێشتا نەژمێردراون و ئێستا خەریکی ژماردنیانن بۆیە بڕەکەی ڕانەگەیەندراوە و سەرجەمیان هی ئەو چەند مانگەی ڕابردوون کە لە ئەنجامی پاکسازیی کێڵگەمینەکانەوە هەڵگیراونەتەوە و لە پڕۆسەیەکی تەقینەوەدا سەرجەمی لەناو دەبرێن.
دەشڵێت: سەرجەم مین و تەقەمەنیەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق بۆ دوو مەبەست داندراون یەکەمیان لە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێڕاق_ ئێران دوومیان ڕژێمی پێشووی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشەکانی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی پێ پیس کردووە.
تاڵیب خالید، ڕاشیگەیاند "بەپێی پەیماننامەی ئۆتاوا بۆ قەدەغەکردن و گواستنەوە و بەکارهێنانی مینی دژەکەسی، بە گوێرەی ئەو پەیماننامەیە، هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دەبێت، تاوەکوو ساڵی 2028هەموو ئەو خاکە مینڕێژکراوە پاک بکرێتەوە، هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق بەشێکن لە لایەنە جێبەجێکارەکانی ئەو پەیماننامەیە و دەبێت تا ساڵی 2028 عێراق و هەرێم کۆتایی بە مین و تەقەمەنی جەنگی نەتەقیوو لەسەر خاکەکەیان بهێنن. بەڵام دەزگای گشتیی کاروباری مین بە پێی پلانی ستراتیجی خۆی بە دابین کردنی پاڵپشتی دارایی و نێودەوڵەتی دەتوانێت پرۆسەکە خێراتر بکات، بۆ هەڵگرتنەوەی سەرجەم مین و تەقەمەنییەکان.