100 ساڵ بەسەر پەیمانی سیڤەر تێدەپەڕێت

پەیمانی سیڤەر یەكەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتییە بە روونی باس لە مافی كورد بكات

K24 - ھەولێر

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی 1920، پەیماننامەی سیڤەر لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی و وڵاتانی هاوپەیمانی سەركەوتووی جەنگی جیهانی یەکەم واژۆ كرا.

بەگوێرەی پەیماننامەکە، كورد مافی ئەوەی هەبووە ببێتە خاوەن كیانێكی سەربەخۆ و دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنێت، بە ‌یەكەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتیش دادەنرێت، كە بەشێوەیەكی روون، ئاماژەی بە پرسی كورد كردووە.

لە 10ی ئابی 1920 دەوڵەتی عوسمانی و وڵاتانی هاوپەیمانی سەركەوتوویجەنگی جیهانی یەکەم، پەیماننامەکەیان واژۆ کرد، لەكاتی بەستنی ئەم پەیمانە كوردستان بە دوو پارچەیی مابووەوە، بەشێک لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی و بەشەکەی دیکەی لەلایەن دەوڵەتی ئێران داگیرکرابوو.

پەیمانەكە لە 13 بەش و 433 بەند پێكهاتبوو، لە بەندەکانی 62-63-64 راستەوخۆ باسی كورد و ئایندەی كوردستانی كردبوو.

لە بەندی 62 دا هاتووە، دەبێت كۆمسیۆنی ئیستانبۆل بە فەرمی دەستنیشانی سێ نوێنەر بكات، ئەوانیش نوێنەری بریتانیا، فەرەنسا و ئیتالیا، هەتا شەش مانگ دوای واژۆكردنی پەیماننامەكە، ئەو كۆمسیۆنە دەبێت نەخشەیەك بۆ خودموختاری هەرێمی ئەو مەڵبەندانە پێشكەش بكات كە زۆربەی دانیشتووانەكانی كوردن.

ئەگەر كۆمسیۆن نەیتووانی بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات ئەوا نوێنەرەكان دەتوانن لەگەڵ حكومەتەكانیان تاووتوێی ئەم بابەتە بكەن و بەرەچاوکردنی پاراستنی مافی پێکهاتەکانی دیکە.

بەگوێرەی بەندەی 63، حكومەتی توركیا ملكەچ دەبێت بۆهەر بڕیارێك كەوا كۆمسیۆن دەری بكات كە لەبەندی پێشوودا باس كراوە.

لە بەندی 64 یشدا هاتووە، دەبێت توركیا دەست لەمافی ناوچە کوردییەکان هەڵگرێت، مافەكانیش بەگوێرەی رێككەوتنی هاوپەیمانان و توركیا دەبێت.

بەگوێرەی پەیماننامەی سیڤەر، كورد مافی ئەوەی هەبووە ببێتە خاوەن كیانێكی سەربەخۆ و دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنێت، لەلایەن هەندێك لە مێژونووسانیشەوە ئەو پەیماننامەیە بە ‌یەكەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی دادەنرێت، كە بەشێوەیەكی روون ئاماژەی بە پرسی كورد كردووە.