هاووڵاتییانی ئێران بە ئەنجامی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا گەشبین نین

هەرچەندە بەرپرسانی واشنتن و تاران دووپاتی دەکەنەوە، ئەنجامی گەڕی چوارەمی دانوستانەکانیان ئەرێیی بووە، بەڵام هاووڵاتییانی ئێران بە ئەنجامی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا گەشبین نین.

هاووڵاتییەکی ئێرانی کە دانیشتووی تارانە دەڵێت: "تا ئێستا لایەنی ئەمەریکایی هەر ڕۆژە قسەیەک دەکات و هەر ڕۆژە داواکارییەکی هەیە، بۆیە من زۆر گەشبین نیم بەوەی ڕێککەوتن بکرێت، یان نا. ئێستا ئەگەر بە هەمان مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی 2015 بتوانن ڕێک بکەونەوە باشترە؛ واتا پیتاندنی 3.67%ـی یورانیۆم و ئەو یورانیۆمەی تا ئێستاش پیتاندوویانە بیگوازنەوە بۆ ڕووسیا، کە هەم تەکنۆلۆجیا و دامەزراوەکانی پیتاندن لەناو ناچن و هەم بەشێک لە سزاکان لا دەدرێن، هەڵبەت ئەگەر حکوومەتی ترامپ بەوە ڕازی بێت، بەڵام دیسانیش ئەگەر چاکەی خەڵکیان دەوێت، تەنانەت ئەگەر سەرجەم بەرنامەی ئەتۆمی لەناو ببەن لەم دۆخە خراپە ئابوورییەی خەڵکدا، هێشتا هەر زۆر باشە."

  هاووڵاتییەکی دیکەش ئاماژە بەوە دەدات "پێشتر ڕێککەوتن و هیچ نەکرا، باشتر وایە خەڵک لە ناوخۆ چارەیەک بۆ خۆیان بدۆزنەوە." دەشڵێت: "بەپێی ئەو ئەزموونەی لە ئەنجامی دانوستانەکانی پێشوو هەمانە، ئەم جارەش کاریگەریی نابێت، پێویستە خەڵک لە ناوخۆی وڵاتدا بەدوای ڕێکاردا بگەڕێن، لە دەرەوە هیچ سوودی بۆ ئێمە نییە."

هەرچەند بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران ئاماژەیان بە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان کردووە، بەڵام ڕۆژنامەی ''وەتەن ئیمروز''ی ئێران دوای بەڕێوەچوونی گەڕی چوارەمی دانوستانەکان نووسیویەتی "نە هیچ نیشانەیەکی پێشڤەچوون دیارە و نە لایەنی ئەمەریکایی ئیرادەی ڕێککەوتنی هەیە. هێشتا دیار نییە لە چوار گەڕی دانوستانەکاندا کە لە ماوەی مانگێکدا کراون، لایەنەکان لەسەر چ شتێکی گشتی، یان وردەکاری ڕێک کەوتوون؟"

 
 
 
Fly Erbil Advertisment