پێشبینی دەکرێت خۆڵبارینێکی چڕ هەرێمی  کوردستان بگرێتەوە

خۆڵبارینێكی چڕ لەناوچەکانی رۆژئاوای عێراق دروست بووە و پێشبینی دەكرێت ھەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.

دەستەی كەشناسی عێراق بڵاویكردووەتەوە، لە ئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکوور و ئەو ھەوایەی لە دەریای ناوەڕاست ھەڵیکردووە، خۆڵبارینێکی چڕ لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەکانی دیكەی رۆژئاوای عێراق دروست بووە.

 بە گوێرەی پێشبینییەكانی كەشناسی كاریگەری خۆڵبارینەكە بۆ سبەی زیاتر دەبێت و ھەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، ئەمە وێڕای دابەزینی پلەكانی گەرما 2 بۆ 3 پلە و بارینی نمە باران لە ناوچە جیاجیاكانی ھەرێمی كوردستان. 

ھەروەھا پێشبینی دەكرێت كاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆیەی جەمسەری باکوور بۆ كۆتایی ئەم ھەفتەیە زیاتر بێت و تاوەباران چەند ناوچەیەكی ھەرێمی كوردستان بگرێتەوە.