سلێمانی.. لە چوار مانگی ڕابردوو 95 حاڵەتی پەلاماردانی پشیلە بۆ سەر هاووڵاتییان تۆمارکراون

ئامارەکانی پێوەدانی دووپشک و مار لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی بەهاردا زیادیکردووە و لەگەڵ ئەمەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەندین حاڵەتی پەلاماردانی پشیلە بۆ سەر هاووڵاتییان تۆمارکراون.
دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، لە هەرێمی کوردستان حاڵەتەکانی پێوەدانی دووپشک و مار زیادیکردووە، ئەمەش بەتایبەتی بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە، بەجۆرێک لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەزار و 853 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و مار تۆمارکراون لە هەر چوار پارێزگا.
ئامارەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە:
حاڵەتەکانی پێوەدانی دوپشک و مار
هەولێر: پێوەدانی دووپشک و مار 37 حاڵەت.
دهۆک: پێوەدانی مار، 32 و دووپشک هەزار و 687 حاڵەت.
هەڵەبجە: 10 حاڵەت تۆمارکراون، 6 دووپشک و 4 پێوەدانی مار.
سلێمانی: لە مانگی یەکەم و دووەم، تەنیا یەک حاڵەتی پێوەدانی دووپیشک هەبووە، بەڵام مانگی سێ بۆ 10حاڵەت زیادبووە ، لە مانگی چوار بۆ 74 حاڵەت زیادبووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، کە تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24کەوت لە چوار مانگی ئەمساڵ 95 حاڵەتی پەلاماردانی پشیلە بۆ سەر هاووڵاتییان تۆمارکراون، زۆرترینیان لە مانگی ئادار بووە کە 29 حاڵەت بووە.
لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی بەهاردا حاڵەتەکانی پێوەدانی دووپشک و مار ساڵانە زیاد دەبێت و ساڵی رابردوو لە ئاکرێ و چەند ناوچەیەکی دیکەش بەهۆی پێوەدانی دووپشک چەند هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستدا.