عیدان ئەلێکسەندەر ئەمڕۆ دەگاتەوە ئیسرائیل
باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس ڕایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ عیدان ئەلێکسەندەری خاوەن هەردوو ڕەگەزنامەی ئەمەریکی و ئیسرائیلی ئازاد دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: عیدان ئەلێکسەندەر لەڕێگەی دەروازەی کیسوفیمی کەرتی غەززە، ئازاد دەکرێت و دەگاتەوە ئیسرائیل.
بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە، ئامادەی دانووستانن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی گشتی و بەردەوام.
حەماس ئاماژەی بەوە کردووە، بەسەرپەرشتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، هەموو هەوڵێک دراوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سەر کەرتی غەززە.
ئیسرائیل هیوم ئاشکرای کردووە، عیدان ئەلێکساندەر گەیشتووەتە دەستی خاچی سوور و تەندروستی زۆر باشە.
سووپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، خاچی سوور عیدان ئەلیکساندەری وەرگرتووەتەوە و ئەو بەڕێگاوەیە بۆ گەیشتن بە سووپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
خانەوادەی سەربازیی ئیسرائیلی عیدان ئەلێکسەندەر ئاشکرای دەکەن، عێدان دوای گەیشتنەوەی بە ئیسرائیل، دەچێتە دەوحە و چاوی بە دۆناڵ ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی دەکەوێت.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتەکە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، ژمارەی کوژراوان لە کەرتەکە بۆ 50 هەزار و 144 کوژراو و 113 هەزار و 704 بریندار بەرزبووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ستایشی بڕیارەکەی حەماسی کرد بۆ ئازادکردنی عیدان ئەلێکسەندەر.
لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیال" ترەمپ نووسیویەتی: سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەشدارییان لەم هەواڵە مێژووییە کردووە.
لە هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 ـی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، 251 ئیسرائیلیان بە بارمتە گرت، بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا 34 بارمتە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، گیانیان لەدەست داوە.