تایمز: ئەگەری هەیە ترەمپ لە سعوودیە لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆ ببێتەوە
ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەری هەیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاو ئەمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە سعوودیە یەکتر ببینن و کۆ ببنەوە.
دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەحمەد شەرع ئامادەیە ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک بونیات بنێت، هاوکات ڕێگە بە ئیسرائیل بدات بوونی سەربازیی هەبێت لە باشووری ڕۆژئاوای سووریا.
ڕۆژنامەی تایمز ئاشکرای کردووە، بڕیارە ئەحمەد شەرع لەو دیدارەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بکات بەرانبەر سازشکردنی سووریا لەسەر چەند پرسێک.
هەینی ڕابردوو 9ـی ئایاری 2025، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتبووی: "دۆناڵد ترەمپ چاوی لە گەڕانەوە مێژووییەکەیەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەفتەی داهاتوو سەردانی سعوودیە، قەتەر و ئیمارات دەکات و لەوێ سەرنجی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان دەبێت."