کەلار..منداڵێک بە دەمانچەی باوکی منداڵێکی دیکەی کوشت

پۆلیسی گەرمیان بڵاوی کردەوە، منداڵێک بە دەمانچەی باوکی منداڵێکی دیکەی لە کاتی یاریکردندا کوشت.

علی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بڵاوی کردەوە، ئەمشەو لەگەڕەکی بەردەسووری قەزای کەلار، منداڵێکی شەش ساڵان بەناوی ( لانۆ سروود سەعدون ) کە لە لایەن منداڵێکی دیکەوە بە دەمانچە کوژرا  تەرمەکەی گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی شەهید هەژار. 

بە گوتەی باوکی  منداڵەکە، کاتێک کوڕەکەی لە کۆڵان یاری کردووە، ئاگادار کراوەتەوە کە گوللەی بەرکەوتووە و کوژراوە.

گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەجی پۆلیس و تیمی کامیرامانی بەشی پۆلیسی کەلار چونەتە شوێنی ڕووداوەکە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، دەرکەوت، منداڵێکی 10 ساڵان دەمانچەکەی باوکی کە کارمەندی هێزە ئەمنیەکانە، لەگەڵ خۆی دەباتە کۆڵان و گوللەیەک بەو منداڵەوە دەنێت و دەیکوژێت.

 منداڵەکە و باوکی منداڵەکە کەتاوانەکەی کردووە،  بەبڕیاری دادوەر،  بەپێی ماددەی ( 405 ) دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە بەردەوامە.