کرێملن: ئامادەکاریی بۆ دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا دەکەین

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا، کرێملن ڕایگەیاند، شاندی وڵاتەکەی ئامادەکاریی بۆ دانوستانەکەیان لەگەڵ ئۆکرانیا دەکەن و دواتر ناوی بەشداربوان ڕادەگەینن.

سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا کرێملن لە بارەی دانوستانەکەیان لەگەڵ ئۆکرانیا لە تورکیا ڕایگەیاند، شاندی وڵاتەکەیان ئامادەکاریی بۆ گفتوگۆکەیان لەگەڵ ئۆکرانیا دەکەن.

هەروەها ئاماژەشی دا، دواتر ناوی ئەندامانی شاندی دانوستانکار ڕادەگەینن.

دیمیتری پیسکۆڤ، ڕەتی کردەووە لێدوان لەسەر داواکارییەکەی، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی بدات کە داوای کردبوو، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بەشداریی دانوستانەکان بکات.

هاوکات میدیاکانی ڕووسیا بڵاویان کردووەتەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەرکردایەتیی شاندی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا، لە تورکیا دەکات.

ئاندری یەرماک، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا  لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەگەر ڤلادیمێر پوتین ڕەتی بکاتەوە بێتە تورکیا، ئەوە بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ڕووسیا نەیەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و ئامادەیی دانوستان نییە.

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستانبۆڵ بەڕێوە بچێت.