کۆشکی سپی: سعوودیە بە بەهای 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکا دەکات
کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت: سعوودیە و ئەمەریکا ڕێککەوتنێکی سەربازییان بە بەهای 142 ملیار دۆلار ئیمزاکرد کە گەورەترین ڕێککەوتنە لە مێژوودا، هاوکات، سعوودیە بە بەهای 600 ملیار دۆلار، وەبەرهێنان لە ئەمەریکا دەکات.
سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، واشنتن و ڕیاز گەورەترین ڕێککەوتنی سەربازییان لە مێژژودا ئیمزا کرد بۆ کڕینی چەک کە بەهاکەی 142 ملیار دۆلارە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، سعوودیە لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆیان لەبارەی کڕینی فڕۆکەی ئێف 35ـی جەنگی کردووە بۆ ڕیاز.
ئاژانسی ئەی ئێف پیش بڵاوی کردووەتەوە، ڕێککەوتنەکە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و شازادەی جێنشینی سعوودیە محەممەد بن سەلمان لە ڕیاز ئیمزا کراوە.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سعوودیە گەورەترین ڕێککەوتنی سەربازیی و بەرگرییان لە مێژوودا ئیمزا کرد، بۆ ئەوەی سعوودیە بە سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو دەوڵەمەند بکرێت.
کۆشکی سپی دەشڵێت: ڕێککەوتنەکە پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی، بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی، ئاسایشی دەریایی لەخۆ دەگرێت، کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردووە، ڕێککەوتنەکان پەرە بە ئاسایشی وزە، پیشەسازیی و بەرگریی، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دەدات.
هەر لەو بەیاننامەیەدا، کۆشکی سپی ڕایگەیاند: کۆمپانیایەکی سعوودیە بە بەهای 20 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات، ڕاشیدەگەیەنێت: بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، 12 کۆمپانیا، خزمەتگوزاریی پێشکەوتووی سەربازیی بە سعوودیە دەدەن.
کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە، بەپێی ڕێککەوتنەکە، سعوودیە بە بڕی 600 ،ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکا دەکات.