ماڵپەڕی مۆنیتۆر: ترەمپ ڕازی بووە سبەی سڵاوێک لە ئەحمەد شەرع بکات
ماڵپەڕی مۆنیتۆری ئەمەریکی لەزاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە بڵاوی کردووەتەوە، سبەی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە سعوودیە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەبینێت و سڵاوێكی لێدەکات.
سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، ماڵپەڕی مۆنیتۆر بڵاوی کردووەتەوە، سبەی چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە سعوودیە چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەکەوێت.
دوێنێ دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاوی کردبووەوە، ئەحمەد شەرع ئامادەیە ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک بونیات بنێت، هاوکات ڕێگە بە ئیسرائیل بدات بوونی سەربازیی هەبێت لە باشووری ڕۆژئاوای سووریا.
ڕۆژنامەی تایمز ئاشکرای کردبوو، بڕیارە ئەحمەد شەرع لەو دیدارەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بکات بەرانبەر سازشکردنی سووریا لەسەر چەند پرسێک.
تەلەفزیۆنی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە سعوودیە، لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا لەبارەی ئەگەری دیداری لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا،گوتوویەتی: بەڵێ، پێم وایە دیدارەکە لەگەڵ شەرع دەکەین.