ئەسعەد شەیبانی: پێشوازیی لە لێدوانەکانی ترەمپ بۆ هەڵگرتنی سزاکان دەکەین

وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێت: پێشوازیی  لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ دەکەین بۆ لابردنی سزاکانی سەر سووریا.

سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، پێشوازیی لە لێدوانی دۆناڵد ترەمپ دەکەن بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، دەشڵێت: ترەمپ دەتوانێت ئاشتی مێژوویی بەدیبێنێت و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە سووریا بپارێزێت.

شەیبانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا پتەو بکەن، دەشڵێت: لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ خاڵی وەچەرخانن بەرانبەر گەلی سووریا، دوای ساڵانێکی درێژ لە جەنگ و وێرانکاریی.

وەزیری دەرەوەی سووریا گوتویەتی: هەڵگرتنی سزاکان، دەرفەتی ژیانەوەیە بۆ سوورییەکان و گەیشتن بە ئارامی و ئاوەدانی وڵاتەکەیان، شەیبانی ئاماژەی بەوە کردووە، بە گرنگییەوە لە لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دەڕوانن و پێیان وایە گۆڕانکارییەکە لە هەڵوێستی نێودەوڵەتی لەپێناو بونیاتنانەوە.

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، ئامادەن پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن لەگەڵ ئەمەریکا، ئەو پەیوەندییانەش لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و متمانە و بەرژەوەندیی هاوبەش بونیات بنرێت.

ئەو لێدوانەی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەمە 13ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعوودی و ئەمەریکی لەڕیازی پایتەختی سعوودیە ڕایگەیاند:  لەسەر داوای محەممەد بن سەلمان، سزاکان لەسەر سووریا هەڵدەگرین و دەرفەتێکی نوێی پێدەدەین.

گوتیشی: "باوەڕیم بە ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە هەیە"