ئەحمەد شەرع گەیشتە ڕیاز

تەلەفزیۆنی سووریا ڕایگەیاند: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعوودیە و بڕیارە سبەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.

سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، تەلەفزیۆنی سووریا بڵاوی کردەوە، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا ئەمڕۆ گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعوودیە و بڕیارە سبەی چوارشەممە   کۆبوونەوەکە بکرێت.

 ماڵپەڕی مۆنیتۆر بڵاوی کردووەتەوە، سبەی چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە سعوودیە چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەکەوێت.

دوێنێ دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاوی کردبووەوە، ئەحمەد شەرع ئامادەیە ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک بونیات بنێت، هاوکات ڕێگە بە ئیسرائیل بدات بوونی سەربازیی هەبێت لە باشووری ڕۆژئاوای سووریا.

سێشەمە، 13ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعوودی و ئەمریکی لەریازی پایتەختی سعوودیە، ڕایگەیاند: لەسەر داوای محەممەد بن سەلمان، سزاکان لەسەر سووریا هەڵدەگرین و دەرفەتێکی نوێی پێدەدەین.

لەبەرامبەردا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، پێشوازیی لە لێدوانی دۆناڵد ترەمپ دەکەن بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، دەشڵێت: ترەمپ دەتوانێت ئاشتی مێژوویی بەدیبێنێت و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە سووریا بپارێزێت.

سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ ئێستا لە ڕیازی سعوودیەیە و ئەمڕۆ ڕێککەوتنێکی سەربازیی مێژوویی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودیە محەممەد بن سەلمان بە بەهای 142 ملیار دۆلار ئیمزاکرد .

 
 
Fly Erbil Advertisment