ئەمەریکا پێشوازی لە خۆھەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکات
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازیی لە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات و جەخت لە چەکدانانی پارتەکە دەکاتەوە و دەڵێت: ھیوادارین ببێتە مایەی سەقامگیری زیاتر لە ناوچەکە.
تۆمی پێگت جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەسەرەتای دامەزراندنی پەکەکەوە تا ئێستا، بەھۆی شەڕ و پێکدانانەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە دەیان ھەزار کەس کوژراون.
پێگت گوتیشی: ئەمەریکا لە 1997ـەوە پەکەکەی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی ناساندووە، ئێستاش پێشوازی لە بڕیارەکەی پەکەکە بۆ خۆھەڵوەشاندنەوە و دانانی چەک دەکەین، ھیوادارین دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە ببێتە مایەی سەقامگیری زیاتر لە ناوچەکە.
پارتی کرێکارانی کوردستان کە زیاتر بە ناوە کورتکراوەکەی (پەکەکە) ناسراوە، لە 27ی تشرینی دووەمی 1978 لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلا، ڕێبەری زیندانی کراوی ئێستای دامەزراوە و یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندن و ڕاگەیاندنی پەکەکە بە بەشداری 22 ئەندام بەڕێوەچوو، بەڵام لە ساڵی 1984 دەستی بە خەباتی چەکداری کردووە.
لە دوای پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، پەکەکە دووشەممە، 12ی ئایاری 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بڵاو کردەوە، کە ڕۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە کۆنگرەکەی بەست بوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، پەکەکە کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی ڕاگەیاند.