دۆناڵد ترەمپ: ئەحمەد شەرع پیاوێکی ناوازەیە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، دەرفەتێک بە سەرۆکی سووریا دەدەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگارییەکان، ئەو سەرکردەیەکی ناوازەیە.
شەممە 15ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە قەتەر گوتی: سزاکانی سەر سووریامان هەڵگرت و سەرۆکی نوێی وڵاتەکەم بینی، ئەو ڕابردوویەکی بەهێزی هەیە؛ زۆر بە دڵم بوو، پێم وایە نوێنەرێکی ناوازە دەبێت، دەرفەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگارییەکانی پێ دەدەین.
لەبارەی چاوپێکەوتن و ڕێککەوتنەکانیش لەگەڵ جێنشینی سعوودیە، دۆناڵد ترەمپ گوتی: دڵخۆش بووم بە چاوپێکەوتنم لەگەڵ جێنشینی سعوودییە، ئەو کەسێکی بەهێزە، لە سعوودییە سەرمایەداری زۆر دەوریان دابووین، نوێنەرانی کۆمپانیای بۆینگ و جەنەراڵ ئەلەکتریک باشترین فڕۆکە لە جیهان دروست دەکەن، باشترین دەرفەتی وەبەرهێنانیان لە ناوچەکە هەیە و کاری ناوازەش دەکەن. گوتی: پێشبینی دەکەم ئەوان کار لەسەر باشترکردنی بزوێنەری فڕۆکەکان بکەن.
لاری کلەپ، نوێنەری کۆمپانیای جەنەراڵ ئەلەکتریکیش کە لەتەنیشت دۆناڵد ترەمپەوە دانیشتبوو، گوتی: لە مێژووی کۆمپانیاکەماندا تا ئێستا زیاتر لە 400 فڕۆکەمان دروست کردووە، نەوەیەکی نوێی فڕۆکەش دروست دەکەین، دەمانەوێت وەبەرهێنان لە بزوێنەری فڕۆکەکان بکەین و ئاستی وەبەرهێنان بگەیەنینە 75 ملیار دۆلار لەو بوارەدا.
کیلی ئۆرتبێرگ، نوێنەری کۆمپانیای بۆینگیش کە لەگەڵ دۆناڵد سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە، گوتی: بۆ ئێمە شانازییە نوێنەرایەتیی ئەمەریکا بکەین بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی دروستکردنی فڕۆکەدا، دڵخۆشین کە لەلایەن وڵاتی قەتەرەوە هەڵبژێردراوین بۆ کارکردن لە دروستکردنی فڕۆکەی جۆری بۆینگ.
دواتر، دۆناڵد ترەمپ گوتی: گەورەترین مامەڵەی بازرگانییمان کردووە کە لەمێژوودا ڕووی نەداوە، بەتایبەت لە دروستکردنی هەردوو فڕۆکەی بۆینگ و فڕۆکەی شەڕکەر، پێشتر هیچ ڕێککەوتنێکی وا ئەنجام نەدراوە، پێم وایە ڕێککەوتنەکان گەیشتوونەتە 910 ملیار دۆلار. گوتیشی: ئێمە فڕۆکەی زۆر باشمان هەیە و زۆری لێ دەفرۆشین، ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا ڕێزی لە ناوچەکە نەدەگرت، ئێمەش ڕێزی زۆر لە ناوچەکە و شازادەی جێنشین دەگرین، ئەو دەمێکە هاوڕێی منە، شازادەکان کەسی زۆر ناوازەن، ئیماراتیش سەرکردەی زۆر ناوازە و پارەداریان هەیە بۆیە کاری زۆر باش دەکەن.
لەبارەی ئێرانیش، دۆناڵد ترەمپ گوتی: ئێران وڵاتێکی مەزنە، بەڵام نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت، دوو بژاردەیان لەبەردەمە کە بژاردەی ئاشتی و بژاردەی توندوتیژییە، ئێمە خوازیارین بژاردەی دووەم هەڵنەبژێرین، چاوەڕێ دەکەم بزانم چی ڕوو دەدات، دانووستانی باشمان لەگەڵ ئێران هەیە بۆ ئەوەی ئاشتی بێتە ئارا، بۆ ئێرانیش ئەو ڕێککەوتنە زۆر باش دەبێت. گوتیشی: هەڕەشەی ئێران زۆر لە ئێوە نزیکە، وەک ئەوە وایە بەردێک لە نزیکەوە بهاوێژی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناوچەکە دەپارێزێت، ئێمە باوەڕمان بە ئاشتییە لەڕێگەی هێزەوە.
دۆناڵد ترەمپ گوتی: ئێران درۆنی زۆر باش بە 33 هەزار دۆلار دروست دەکات و لەو بوارە پارەیەکی کەم خەرج دەکات.