سوودانی: بەغدا میوانداریی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا دەکات
پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بەدواداچوون بۆ سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سعوودیە دەکات، لەنێویاندا کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو.
سوودانی بە سکای نیوزی ڕاگەیاند "ئەنجامی ئەم سەردانە گرنگەی ترەمپ، هیوادارین ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی سەقامگیریی ناوچەکە، بەتایبەت دەربارەی شەڕ و دەستدرێژی بەردەوام بۆ سەر غەززە و لوبنان و هێرشەکانی سەر سووریا و یەمەن."
سەبارەت بەوەی سەردانەکەی ترەمپ کاریگەریی لەسەر لوتکەی عەرەبی دەبێت کە بڕیارە لە بەغدا بەڕێوە بچێت، سوودانی گوتی: "ئەگەری هەیە کاریگەریی لەسەر هەندێک پرس هەبێت، ئێمەش بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی دەکەین."
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە، "عێراق خۆی لەگەڵ هەر ڕێگەیەک دەبینێتەوە کە باوەڕی بە دیالۆگ و ئاشتی لە ناوچەکەدا هەبێت، هەروەها لەگەڵ چارەسەری دۆسییەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، واتە پرسی فەڵەستین." گوتیشی: "بەبێ داننان بە مافی گەلی فەڵەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، کە قودس وەک پایتەختەکەی بێت، هیچ چارەیەکی دیکە نییە و گرژی و پێشێلکارییەکان بەردەوام دەبن."
سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، بەغدا میوانداریی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی عێراقە بۆ بوژاندنەوەی گفتوگۆ لەبارەی پرسی ئەتۆمی ئێران، چونکە دانوستان باشترین ڕێگایە بۆ رێگریی لە پەرەسەندنی گرژییەکان و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و ئێران، بەردەوام هانی گفتوگۆ و دانوستانەکان دەدات، بۆیە حکوومەت لە ئێستاوە دەستپێشخەری کردووە بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا لە بەغدا.
سوودانی، ڕوونیشی کردەوە، گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی، کۆتایی بە گرژییەکانی ناوچەکە دەهێنێت و یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری، بەڵام هۆشداری دا لەوەی کە ڕێکنەکەوتن دەبێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوە، ئەمەش کاریگەری نەرێیی لەسەر سەقامگیریی هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەبێت، کە هیچ براوەیەکی ڕاستەقینە لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا نابێت.