وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەرفەتێکە بۆ ئەم وڵاتە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: هیوادارین حکوومەتی سووریا هەڵگرتنی سزاکان بقۆزێتەوە لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەی، هەروەها هەڵگرتنی ئەم سزایانەش دەرفەتێکە بۆیان.

پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، تۆمی پێگت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـی دایەوە.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی: وەک سەرۆک ترەمپ ئاماژەی پێدا، هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەرفەتێکە بۆ وڵاتەکە تا بەرەوپێشەوە بچێت.

باسی لەوەش کرد، هیوادارین حکوومەتی سووریا هەڵگرتنی سزاکان بقۆزێتەوە لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەی، بەڵام پێوسیتە هەندێک هەنگاوی پێشوەختە بگرێتەبەر.

گوتیشی: ئەگەر ئەو کارانەی کە ئێمە داوای دەکەین حکوومەتی سووریا ئەنجامی بدات، ئەوا ئاشتییەکی درێژخایەن و خۆشگوزەرانی لە سووریا دەبینین، ئەمە ئەو شتەیە کە سەرۆکی ئەمەریکا بۆ تەواوی ناوچەکە دەیەوێت.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و ئەنجوومەنی ئاسایش کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا.

لای خۆیەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئەنتاڵیا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، واشنتن بڕیاری لێخۆشبوونە سەرەتاییەکان بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەردەکات.

سێشەمە، 13ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعوودی و ئەەمریکی لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە، ڕایگەیاند: دوای گفتوگۆکانم لەگەڵ محەممەد بن سەلمان و لەسەر داواکاریان سزاکان لەسەر سووریا هەڵدەگرین و دەرفەتێکی نوێیان پێ دەدەین.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment