هاووڵاتییەک و دوو کارمەندی بەرگریی شارستانی لەنێو خەزانێکی نەوت گیانیان لەدەستدا

شۆفێری پاڵاوگەیەک و دوو کارمەندی بەرگری شارستانی کەوتنە نێو پاڵاوگەیەک و گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ هەینی 16ـی ئایاری 2025، سەرچاوەیەکی تایبەت لە بەرگری شارستانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ شۆفێری یەکێک لە پاڵاوگەکانی سنووری شارەدێی شەمامک لەکاتی کارکردن کەوتۆتەوە نێو خەزانێکی نەوت و بەنزین، دوای ئەوەی تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە و ویستوویانە ڕزگاری بکەن، دوو کارمەندی بەرگری شارستانی هەولێر، کەوتوونەتە نێو پاڵاوگەکە و گیانیان لەدەستداوە.
هەردوو کارمەندەکە ناویان، یوسف شەریف، سەباح سەلیم، شۆفێری پاڵاوگەکە بە ڕەچەڵەک عەرەبە و ناوی عەلی ڕسلانە.
نوێکرایەوە 11:25
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگرییی شارستانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، 16ـی ئایاری 2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر4:11 خولەک تیمەکانی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر ئاگادارکراونەتەوە لە ڕوودانی حاڵەتێکی خنکانی هاووڵاتیەکی بە ڕەگەز عەرەب، لەنێو کۆگایەکی هەڵگرتنی بەرهەمە نەوتیەکانی یەکێک لە پاڵاوگەکانی سنوری ناحیەی شەمامک دەستبەجێ تیمەکانمان بەڕێکەوتن بۆ دەرهێنانی تەرمی هاوڵاتیەکە.
بەرگریی شارستانیی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای گەیشتنی تیمی ڕزگارکردنی سەر بە بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر دوو کارمەندی تیمی ڕزگارکردنی بەڕێوبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە ناوەکانی، یوسف شەریف حەسەن، صەباح سەلیم، لە کاتی ئەرک و هەوڵدان بۆ دەرهێنانی تەرمی هاوڵاتیەکە گیانیان سپاد.