یەکەم کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ دەکرێت
سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت: ئامادەی دانووستانەکان نابێت لەبەر ئەوەی هاوتا ڕووسییەکەی ڤلادمێر پوتن ڕەتی کردووەتەوە بێتە کۆبوونەوەکە بۆ دانووستان.
ئەمڕۆ هەینی 16ـی ئایاری 2025، دانووستانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ دەستپێدەکات لەگەڵ ئەوەی ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ئامادەی دانووستانەکە نابێت و ڕۆژی پێشتر ئەوەی ڕاگەیاندبوو.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: تورکیا بەشداریی دانووستانەکانی ئەمڕۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکات وەک هەوڵێکی دیپلۆماسی لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کۆبوونەوەی بەرپرسانی تورکیا و ئەمەریکا و ئۆکرانیا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەکرێت وەک ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوەی دواتری نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیریی تورکیا.
ڤلادمێر میدینسکی، ڕاوێژکاری ڤلادمێر پوتن، سەرۆکایەتی شاندی ڕووسیا دەکات، ڕۆستەم ئۆمیرۆڤ، وەزیری بەرگریی سەرۆکایەتی شاندی دانووستانی ئۆکرانیا دەکات، لەگەڵ ئەوانیشدا مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئامادەی دانووستانەکە دەبێت.
بەپێی زانیارییەکان، لە دانووستانەکەی ئەمڕۆدا، گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەست بۆ ماوەی 30 ڕۆژ دەکرێت، ڕەنگە پرسە مرۆییەکانیش بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ و دانووستان.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دوێنێ ڕایگەیاندبوو: کۆبوونەوەی هەردوو لایەنی ڕووسی و ئۆکرانی، دوای سێ ساڵ لە شەڕ و ئاڵۆزیی نێوانیان، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی تورکیا دەکرێت.