وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: پێویستە ئێران بگەڕێنینەوە دواوە
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: ئاستی پیتاندنی یۆرانۆمی ئێران، مایەی نیگەرانییە، لەگەڵ ئەوەی لە دانووستانەکاندا ئێران زۆر هاتووەتە پێش.
ئەمڕۆ هەینی 16ـی ئایاری 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕایگەیاند: پێویستە ئێران بگەڕێننەوە دواوە بەشێوەیەک لە شێوەکان، گوتی: هیوا دەخوازم ئەوە بەڕێگەی ئاشتی و دانووستان بێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: ترەمپ پرسی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێران کردووەتەوە کاری لەپێشینەی خۆی، چونکە تاران لە دانووستانەکان زۆر هاتووەتە پێش، لەگەڵ ئەوەی نزیکبوونەوەی ئێران لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، نیگەرانیی دروستکردووە.
ڕوبیۆ ئاماژەی بەشکرد، ئێستا کاتێکی زۆر هەستیارە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەپێناو گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەو وڵاتە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئیستانبوڵ بۆ نێوەندگیریی دانووستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کە بڕیارە ئەمڕۆ بە نێوەندگیریی تورکیا بەڕێوەبچێت.