ترەمپ: چەند هەفتەی داهاتوو جیهان زۆر باشتر دەبێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی لە دوا ڕۆژی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند: چەند هەفتەیەکی داهاتوو، جیهان زۆر باشتر دەبێت، گوتیشی: چارەی دۆخی غەززە و برسییەتی ئەوێ دەکەین، بیر لە غەززە دەکەینەوە و خۆمان کارەکە جێبەجێ دەکەین.
ئەو گوتانەی دۆناڵد ترەمپ لەچوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەدا بوو کە لەنێوان ئەمەریکا و ئیمارات لە ئەبوزەبی کرا بەر لەوەی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنێت و بگەڕێتەوە ئەمەریکا، ترەمپ ئاماژەی بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا و گوتی: بەردەوامیدان بە کوشتن لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا جێی شەرمەزارییە، دووپاتی ئەوەی کردەوە، پێویستە ئەو جەنگە کۆتایی بێت.
دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد، لەگەڵ ڤلادمێر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن کۆتایی بەجەنگ بێنن، ئاشکراشی کرد هەر ئەو شوێنە بەجێ بێڵێت، دەگاتە پوتن و لەگەڵی کۆدەبێتەوە, گوتیشی: دەگەڕێمەوە ئەمەریکا بۆ ئەوەی نەوەکەم ببینم.
سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ هەینی 16ـی ئایاری 2025، کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ کەنداو هێنا کە هەریەک لە وڵاتانی سعوودیە، قەتەر و ئیماراتی گرتەوە و ڕێککەوتنی چەندان ملیار دۆلاری لەگەڵ ئیمزا کردوون، ترەمپ دووپاتی کردەوە، کرانەوەیەکی دیپلۆماسی لەگەڵ سووریا دروستبووە و ئومێدێکیش هەیە لەگەڵ ئێران ڕێکبکەون لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمی.