ڕووسیا پێنجەم شارۆچکەی دۆنیتسکی کۆنتڕۆڵ کرد

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئەمڕۆ هەینی 16ـی ئایاری 2025 ڕایگەیاند: هێزەکانیان توانیویانە شارۆچکەی فۆلنوی بۆلیەی سەر بە دۆنیتسک کۆنتڕۆڵ بکەن، بەمەش ئەو شارۆچکەیە بووە پێنجەم ناوچە کە هێزەکانی ڕووسیا ئەم هەفتەیە کۆنتڕۆڵیان کردووە و لەدەستی هێزەکانی ئۆکرانیا دەریانهێناوە.

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، یەکەکانی هێزی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا پێشڕەوییان کردووە و گەیشتوونەتە بەرەی بەرگریی لایەنی ئۆکرانی، بەهۆی ئەو پێشڕەوییەش، شارۆچکەی فۆلنوی بۆلیەی سەر بە دۆنیتسکیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

وەزارەتەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هێزەکانی ڕووسیا لەچەند بەرەیەک پێشڕەوییان کردووە و زیانی زۆریان بە هێزەکانی ئۆکرانیا گەیاندووە.

سووپای ڕووسیا ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان کۆمەڵگەیەکی سەربازیی ئۆکرانیایان بە ئامانج گرتووە لەگەڵ کەرەستەی سەربازیی لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ کە لیواکانی هێزی دەریایی، دوو لیوای بەرگریی هەرێمی و لیوایەکی پاسەوانی نیشتمانی لێبوون، ئاشکراشی دەکات، سووپای ئۆکرانیا 1130 سەربازی کوژراون، 15 بارهەڵگریی گولـلەنەبڕی سەربازیی و 41 ئۆتۆمبێل و 22 تۆپ، پێنج وێستگەی جەنگی ئەلیکترۆنی خاپوور کردووە و سوتاندووە.

سوپای ڕووسیا ڕایگەیاند: لەو هەفتەیەدا توانیویانە شارۆچکەکانی کوتلیاروفکا، میرولیوبوفکا، میخائیلۆفکا و نەفەئەلیکساندریفکای لە دۆنیتسک کۆنتڕۆڵ بکەن.

ئەو جموجۆڵە سەربازییانەی ڕووسیا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی 16ـی ئایاری 2025، هەردوو شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا بە ئامادەبوونی مارکۆ ڕۆبیرۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای سێ ساڵ لە گرژی و ئاڵۆزی لە ئیستانبوڵ کۆدەبنەوە لەپێناو ئەوەی ئاگربەست ڕابگەیەنن و کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بێنن.