دانوستانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ دەستی پێ کرد
ئۆکرانیا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هەینی 16ـی ئایاری 2025، لە ئیستانبوڵ دانوستانیان لەگەڵ ڕووسیا دەست پێ کردووە و تەلەفزیۆنەکانی تورکیاش وێنەکانی دانوستانەکەیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بڵاوکردەوە کە هەردوو لایەنی ڕووسی و ئۆکرانی لەبەرانبەر یەکتردا دانیشتوون دوای سێ ساڵ لە شەڕ و ئاڵۆزی، لەنێوانیشیاندا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هەیە.
هاکان فیدان لە سەرەتای دانوستانەکە قسەی کرد و گوتی: ئاماژەی پێشکەوتنی دیپلۆماسی لەنێوان هەردوو لایەنی ڕووسی و ئۆکرانی هەیە کە لە ئاداری ساڵی 2022ـەوە بووەتە شەڕ و ئاڵۆزییان.
بەرلەوەی دانوستانەکە دەست پێ بکات، کۆبوونەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان شاندی تورکیا و ئەمەریکا و ڕووسیا لە ئیستانبوڵ کرا، کۆبوونەوەیەکی دیکەش لەنێوان شاندەکانی تورکیا و ئەمەریکا و ئۆکرانیا کرا بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ کۆبوونەوەی ڕووسیا و ئۆکرانیا خۆشبکرێت کە هەردوو لایەنی ئەمەریکی و تورکی بەشدارییان تێدا کرد و ئێستا لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەکەدان.
لە نوێترین لێدوانیدا، ڤۆلۆدمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی: پوتن دەترسێت و پێویستە وەڵامی توندی بدرێتەوە ئەگەر شکست بە دانوستانەکەی ئەمڕۆی ئیستانبوڵ بێنێت.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش گوتی: ڕووسیا ئاگربەستی ناوێت و پێویستە فشاری زیاتری لێ بکرێت بۆ ڕازی بوون بە وازهێنان لە شەڕ.
دانوستانەکەی ئەمڕۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی سووپای ڕووسیا شارۆچکەی فۆلنوی بۆلیەی سەر بە دۆنیتسکی کۆنتڕۆڵ کردووە، بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو شارۆچکەیەش، تەنها لەو هەفتەیدا ڕووسیا پێنج شارۆچکەی دۆنیتسکی کۆنترۆڵکردووە کە شارۆچکەکانی کوتلیاروفکا، میرولیوبوفکا، میخائیلۆفکا و نەفەئەلیکساندریفکان.