ئێران له‌ باره‌ی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی لەگەڵ به‌ریتانیا و ئه‌ورووپا کۆ بووه‌وه‌

نوێنەری ئێران لەگەڵ نوێنەرانی به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا كه‌ به‌ وڵاتانی (ترۆیكا) ناسراون، لە تورکیا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی و دانوستانەکانیای تاران لەگەڵ واشنتن کۆ بووه‌وه‌.

ئەمڕۆ هەینی، 16ـی ئایاری 2025، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و نوێنەری وڵاتەکەی سه‌باره‌ت به‌ کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نوێنه‌رانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕاکانمان لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی گۆڕییەوە، هاوکات باسمان لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ واشنتن و هەڵگرتنی سزاکانی سەر تارانمان کرد.

هەروەها گوتیشی: ئێران ئامادەیە بە بەشداریی چین، ڕووسیا و ئەمەریکا کۆبوونەوەیەکی دیکەش لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە بکات.

ڕۆژی دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گۆڤاری هەفتانەی 'لی پۆینتی فەرەنسی' نووسیبووی: ئێران هەوڵوێستی خۆی لە بەرانبەر بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکە ئاشکرایه‌ و ناگۆڕێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریشی دابووه‌ بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا و گوتبووی، سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاران بەره‌و بارودۆخێکیان دەبات کە بەهیچ شێوەییەک کۆنترۆڵ ناکرێت.

عراقچی گوتیشی: لەگەڵ سەپاندەوەی سزاکان، ئەو سێ وڵاتە هیچ ڕۆڵێکیان لە ڕێککەوتنی 2015 لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران نامێنێت.

لە ساڵی 2015 هەر یەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا، چین، ڕووسیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران لەسەر سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران ڕێککەوتبوون، کە بە ڕێککەوتنی 1+5 ناسرابوو.

ترۆیكا زاراوه‌یه‌كی ڕووسیی سیاسییه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی سێ وڵات به‌كار دێت كه‌ هه‌ر سێ وڵات به‌رانبه‌ر به‌ دۆسیه‌یه‌ك یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك بۆچوونی هاوشێوه‌ و هاوبه‌شیان هه‌بێت. به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا له‌م باره‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران یه‌ك بۆچوونی هاوبه‌شیان هه‌یه‌.