پۆلیسی بەریتانیا: سێ ئێرانیمان بە تۆمەتی سیخوڕیی دەستگیر کرد
ئەمڕۆ شەممە 17ـی ئایاری 2025، پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا ڕایگەیاند: لە هەڵمەتێکدا سێ ئێرانیان بە تۆمەتی سیخوڕی کردن دەستگیر کردووە.
پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا سەرەتای ئەم مانگە لە دوو کردەی جیادا، هەشت کەسی دەستگیر کرد کە حەوتیان ئێرانی بوون، وەزیری ناوخۆی بەریتانیاش ئەو هەڵمەتانە بە گەورەترین کردەی دامەزراوە ئەمنییەکانی خۆیان دەزانێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پێشتری پۆلیسی بەریتانیا، مستەفا سەپاوەند، فەرهاد جەوادی مانش و شاپوور قەلحاڵی خانی نووری، بە تۆمەتی بەشداریی لە کردەوەیەکدا کە گومان دەکرێت هاوکاریی دەزگایەکی هەواڵگریی بیانی بێت، لە نێوان 14ی ئابی 2024 و 16ی شوباتی 2025 دەستگیر کراون.
پۆلیسی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەسانەی دەستگیر کراون، خەڵکی ئێرانن.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو، نیگەران بوون لەوەی کاتێک زانیویانە هاووڵاتییانی ئێرانی لەلایەن حکوومەتی بەریتانیاوە دەستگیر کراون.
لە بەرانبەردا حکوومەتی بەریتانیا داوای لە ئێران کردووە لە سیخوڕیی لەسەر بەریتانیا، دوور بکەوێتەوە.