کرملین: پوتن و زێلینسکی دوای گەیشتنە ڕێککەوتن دەتوانن یەک ببینن
دیمیتری پیسکۆف، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کریملن) ڕایگەیاند: ئەگەری هەیە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدمێر زێلینسکی لەگەڵ یەک کۆببنەوە، بەڵام ئەوە پەیوەست و مەرجدارە بەوەی شاندی دانووستنکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا بگەنە ڕێککەوتن.
دوێنێ هەینی 16ـی ئایاری 2025، هەردوو شاندی دانوستنکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیریی ئەمەریکا و تورکیا، لە ئیستانبوڵ، دوای سێ ساڵ لە گرژیی و ئاڵۆزیی کۆبوونەوە.
ڤلادیمێر مەدینسکی، ڕاوێژکاری پوتن، سەرۆکایەتی شاندی ڕووسیا و ڕۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، سەرۆکایەتی شاندی ئۆکرانیایان دەکرد.
ڕۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: ڕاگەیاندنی ئاگربەست بۆ وەستاندنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە دانوستانەکاندا تاوتوێ کرا.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ شاندی ڕووسیا باسیان لە ئەگەری پەیوەندیی نێوان زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کرد.
شاندی ڕووسیاش ڕایگەیاند: لە دانوستانەکانمان لەگەڵ ئۆکرانیا بەردەوام دەبین، گوتیشی: لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەمڕۆ ڕازین.