ئەسعەد شەیبانی: ئیسرائیل یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات

ئەمڕۆ شەممە، 17ـی ئایاری 2025 ،  ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە لوتکەی عەرەبی لە بەغدا، گوتی، بە هێرشکردنە سەر سووریا، ئیسرائیل یاسای نێودەوڵەتی پیشێل دەکات.
وەزیری دەرەوەی سووریا کە لەبری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی وڵاتەکەی ئامادەی لوتکەی عەرەبی بەغدا بوو، سوپاسی عێراقی کرد بۆ پێشوازیی گەرمیان لێی و گوتی: داوای پشتیوانیی بۆ گەلی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەین، پێداگرین لە یەکپارچەیی خاکی سووریا، هەموو دەستوەردانێکی دەرەکی ڕەت دەکەینەوە.
ئەسعەد شەیبانی، جەختی کردەوە لەوەی ، سووریا پابەندی کۆنترۆڵکردنی سنوور دەبێت لە جۆلان. گوتی: چاوەڕێی وڵاتانی عەرەبی دەکەین بەرانبەر پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل هەڵوێستییان هەبێت.
لەبارەی بەشداریکردنیشیان لە لوتکەی عەرەبی بەغدا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی: کۆبوونەوەمان لە بەغدا، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ نوێکردنەوەی بەڵێنی تەبایی و یەکگرتوویی نێوانمان. شەیبانی پێشوازیی  لە بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریای کرد لەلایەن ئەمەریکاوە.  گوتیشی: ئاگەداربووین لەوەی هەمووان ئەو بڕیارەیان بە ئەرێیی وەسف کرد.