ئاگر لە پاڵاوگەی بێجی کەوتەوە
بەرگریی شارستانیی پارێزگای سەلاحەددین ڕایگەیاند، ئاگر لەیەکەیەکی پاڵاوگەی بێجی، کە بە پاڵاوگەی ڕۆن ناسراوە، کەوتووەتەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بەرگریی شارستانیی سەلاحەددین بڵاوی کردووەتەوە، ئاگرکە بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، کەوتووەتەوە، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە زوو فریا کەوتوون توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگری بکەن لەوەی زیان بە یەکەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی نێو کۆمەڵگەی نەوتی بێجی، بگەیەنێت.
هەروەها بەبێ ئاشکرا کردنی بوونی قوربانی مرۆیی و قەبارەی زیانەکان، ئاماژەی داوە، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە لەلایەن تیمە شارەزاکان دەستی پێ کردووە.
پاڵاوگەی بێجی بە گەورەترین پاڵاوگەی پیترۆکیمیایی عێراق هەژمار دەکرێت و توانای بەرهەمهێنانی بە 310 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دیاری کراوە و لە ئایاری 2014 لەلایەن چەکدارانی ڕێکخراوی داعش دەستی بەسەرداگیرا، دواتر لە ساڵی 2015 لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە ڕزگار کرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر لەکارکەوتنی پاڵاوگەکە، دوای گەڕاندنەوەی بەشێک لە پارچەکانی پاڵاوگەکە، لە شوباتی 2024 توانرا جارێکی دیکە بە فەرمی بخرێتەوە کار.