کۆمارییەکان جەخت لە لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەکەنەوە
کۆمارییەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا گوشار لە دۆناڵد ترەمپ دەکەن، پێویستە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە یەکجاری لەناو ببرێت.
ژمارەیەک ئەندامی حزبی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریکا، یاداشتێکیان بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەرز کردووەتەوە و تێیدا جەخت دەکەنەوە "ڕێککەوتن بۆ کەمکردنەوەی سزاکان لەسەر ئێران کارێکی هەڵەیە و نابێت بکرێت. نابێت ڕێگەش بدرێت ئێران بە شێوەیەکی ڕێژەیی درێژە بە بەرنامەی ئەتۆمییەکەی بدات، بەڵکوو دەبێت لە ڕیشەوە لەناو ببرێت."
ئەو کۆمارییانە باسیان لەوەش کردووە "هەڵگرتنی سزا لەسەر ئێران بەمانای دابینکردنی پارەیە بۆ گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا، هەربۆیە نابێت ترەمپ بیر لە سووککردنی سزاکانی سەر ئێران بکاتەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، 13-05-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وێڕای ئەوەی دووپاتی کردەوە، دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران بە باشی بەڕێوە دەچن، جەختیشی کردەوە، لەژێر هیچ بارودۆخێکدا نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، لە مەسقەت، گەڕی چوارەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەڕێوە چوو.
دانوستانەکان بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بەڕێوە چوو و زیاتر لە 3 کاتژمێری خایاند.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە مێدیاکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: دانوستانی گەڕی چوارەم، بەراورد بە دانوستانی گەڕەکانی ڕابردوو زۆر جددیتر بوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، لە دانوستانەکانی نێوانمان لە هەندێک چوارچێوەی گشتی دوور کەوتینەوە و چووینە ناو وردەکاری زیاترەوە، هەر ئەمەش کەشی دانوستانەکەی لەم بارودۆخەدا قورستر کردبوو.