زۆنگاوی کانیی بەرازان لە مەهاباد زیاتر لە 180 جۆر باڵندەی تێدایە

زۆنگاوی کانیی بەرازانی شاری مەهاباد, ڕووبەرەکەی زیاتر لە 907 هێکتارە، ژینگەکەی زیاتر لە180 جۆر باڵندەیە کە ژمارەیەک لەم باڵندانە دەگمەنن و مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.
لە ساڵی 2006ەوە ڕاوکردن لە دەوروبەری ئەم زۆنگاوە قەدەغەیە و لە لایەن کۆمیتەی نیشتمانیی سروشتگەڕانی ئێرانەوە وەک یەکەمین شوێنی تایبەتیی باڵندەبینین لە ئاستی ئێراندا دەستنیشان کراوە.
حیسام محەممەدی ئازەر، دانیشتووی گوندی قوڵەسەن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "زۆنگاوی کانیی بەرازان، قوڵنگ و قازی تێدایە، هەروەها هەموو باڵندەکان لەم زۆنگاوە کۆدەبنەوە. داوامان لە هاووڵاتییان کردووە، ئەو باڵندانە نەترسێنن و ڕاویان نەکەن، چونکە ناوچەکە شوێنێکی گەشتیاری و سەوز و خۆشە، لە ناوچەکەماندا.
بەگشتی، 180 جۆر باڵندە لە ناو ئەم زۆنگاوە و قامیشەڵانەکانی دەوروبەریدا دەژین؛ 75 جۆر لەم پەلەوەرانە ئاوی و 105 جۆریشیان پەلەوەری وشکانین، قاز، پەلیکان و فلامینگۆ، چەندان جۆری مراوی، قوڵینگ و پەڕەسێلکەی دەریایی و دەیان جۆر باڵندەی دیکە لە سەرەتای پاییز یا سەرەتای بەهاردا بەرەو ئەم شوێنە کۆچ دەکەن. لە نێو ئەم باڵندانەدا جۆرەکانی مراویی سەرسپی، مراویی مەڕمەڕی و زیقاوڵە، مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.
پێژمان ڕەمەزانی ڕاد، دانیشووی گوندی قەرەقشڵاخ دەڵێت: ئەم باڵندانە لەسەرەتای بەهاردا وەک؛ سوورە قوڵینگ، قاز، مراوی، دێنە ئێرە، پێویستە ئاگاداریان بین، هەروەها ئێمەش لەبەهاراندا بۆ گەشت دێینە ئێرە و دیمەنی جوان و سەرنجڕاکێشی ئەم ناوچە دەبینین.
زۆنگاوی کانیی بەرازان تۆماری نێودەوڵەتیی وەرگرتووە. ئاوی ئەم زۆنگاوە لە ڕووباری مەهابادەوە دابین دەکرێت و ئەو ئاوەی لێی دەردەچێت دەڕژێتە ناو دەریاچەی ورمێ. بە هۆی ئەوەی لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا باڵندەی جۆراوجۆری لێیە، لە لایەن کۆمیتەی نیشتمانیی سروشتگەڕانی ئێرانەوە، وەک یەکەم شوێنی باڵندەبینین لە ئاستی ئێراندا تۆمار کراوە و وێنەگران و ئەویندارانی سروشت و باڵندەکان لە سەرانسەری ئێرانەوە بۆ بینینی ئەو باڵندانە دێنە زۆنگاوی کانیی بەرازان.