عراقچی بۆ ویتکۆف: ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت

 نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم هێڵی سوورە و بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە زیادکردنی ڕێژەکەی نادرێت. لە بەرانبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی دایەوە و گوتی: ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت.

یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆکی شاندی دانوستانکار لەگەڵ ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئێمە سنوورێکی ڕوون و ئاشکرامان بۆ ئێران هەیە، ئەویش پیتاندنی یۆرانیۆمە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین ئێران ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 1%  بەرز بکەنەوە.

ستیڤ ویتکۆف، جەختیشی لە قسەکانی ترەمپ کردەوە و گوتی: ڕێککەوتنمان لەگەڵ ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم ناگرێتەوە و بە هیچ شێوەیەکیش ڕێککەوتنی لەسەر ناکەین، چونکە پیتاندنی یۆرانیۆم دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئێمەش ڕێگە نادەین موشەکە ئەتۆمییەکانی ئێران بگەنە ئێرە.

هاوکات لەبارەی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران بە گەشبینییەوە گوتی: ڕەنگە ئەم هەفتەیە لە ئەورووپا دووبارە کۆببنەوە.

عراقچی: ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت

ڕۆژنامەی تەسنیمی ئێرانی لە زاری عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ڕایگەیاندوە، لێدوانەکانی ئەمەریکا دانوستانەکان لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران دەوەستێنێت.

عراقچی لە وەڵامی لێدوانەانی ویتکۆفدا دەڵێت: پێموایە قسەکانی نێردەی ترەمپ لەگەڵ واقیعی نێو دانوستانەکانی ڕابردووی نێوانمان یەک ناگرنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت.

لەبارەی شوێن و کاتی گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، عراقچی گوتی: بەم نزیکانە وادە و شوێنی گەڕی پێنجەمی دانوستانی نێوانمان ڕادەگەیەنین.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران، لەبارەی پەیامە نووسراوەکەی ترەمپ ڕایگەیاند: تا ئێستا هیچ نووسراوێکی ترەمپمان بەدەست نەگەیشتووە.

بڕیارە بەم نزیکانە گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە بچێت، پێشبینی دەکرێت گەڕی ئەم جارەش لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بێت.

هاوکات عراقچی لە تۆری کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ئەگەر ئەمەریکا ئارەزووی ئەوە دەکەن کە ئێران چەکی ئەتۆمی دروست نەکات، ئەوە ئێمە ئامادەین لەم بارەیەوە هاوکار بین.

گوتیشی: ئەگەر ئەمەریکا داواکاریی ناواقیعییان هەبێت، بە دڵنیاییەوە لەلایەن ئێرانەوە ڕەت دەکرێتەوە، بەڵام ئێمە بۆ گفتوگۆی جیددی بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە ئامادەین.

 دووپاتیشی کردەوە، ئێران بە ڕێککەوتن و بێ ڕێککەوتن لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت.

هەینی 16ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە نێو فڕۆکەی (Air Force One) لە کاتی گەڕانەوەی بۆ واشنتن لەبارەی ڕێککەوتنی بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، پشێنیازێکمان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی پێشکەش تاران کردووە. جەختیشی کردەوە، ئەوان پێشنیازەکەیان بە دەست گەشتووە، دەبێت لەو بارەیەوە خێرا کاردانەوەیان هەبێت، ئەگەر نا ئەنجامێکی خراپی دەبێت.