جەیمس جێفری: ئەمەریکا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتربکات

باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی لە ناوچەکەدا هەیە و هەبوونی گەورەترین کونسوڵخانە لەو هەرێمە واتای هەبوونی بەرژەوەندی گەورەی ئەمەریکایە لە هەرێمی کوردستان.

یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، جەیمس جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا، گوتی: ئەمەریکا دەیەوێت پەیوەندییەکی باشتر و بەهێزتری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەبێت، بە دیاریکراوی و تایبەتتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی

جەیمس جێفری گوتیشی: ڕۆلی پێشمەرگە لە بەرانبەر تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش و هەرێمی کوردستانیش لە ناوچەکە بە گەورە و گرنگ زانراوە و ئەمەریکا پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ گەلی کورد هەیە.

جەیمس جێفری باسی لەوەش کرد، ئەمەریکا ویستوویەتی بەرژەوەندییەکانی عێراق بپارێزیت، مافەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستووردا جێی کراوەتەوە، گلەیمان هەبوو لەوەی ئیدارەی ئەمەریکا نەیتوانیوە کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم چارەسەربکات، چونکە بۆ عێراق و ناوچەکە گرنگە و ڕاگرتنی بۆ ناوبانگی عێراق کارێکی خراپە.

جەیمس جێفری ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکا بەرژەوەندی لە هەرێمی کوردستان هەیە و هەربۆیە گەورەترین کونسوڵخانەی لە هەولێر هەیە، لە هەندێک شوێن ئەمەریکا تەنانەت نوسینگەشی نییە، چونکە هیچ بەرژەوەندییەکی لەو شوێنە نییە، هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ڕۆلێکی باشی بینیوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment