سەرکردەیەکی ڕەوتی سەدر: ڕووخاندنی خانووی هەژاران، لە بەسرە وەک ڕوخاندنی خانووەکانی غەززەیە

"نەفرەتی خودا لەو حکوومەتە بێت کە بۆ ڕازیکردنی بێگانە هەژارانی وڵاتەکەی دەکوژێت'

دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، سەرکردەیەکی ڕەوتی نیشتیمانی شیعە ڕایگەیاند، ڕووخاندنی خانووی گەڕەکە هەژارنیشینەکانی بەسرە، هاوشێوەی ڕووخاندنی ماڵی خەڵکی غەززەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە.

ئەحمەد فەرتوسی، سەرکردە لە ڕەوتی نیشتیمانی شیعە لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' نووسیویەتی: "لەبەسرە خانوو بەسەر سەری هەژاراندا دەڕوخێنرێن، هەروەک چۆن لە غەززە لەلایەن داگیرکەرانەوە دەڕوخێنرێن. بەڵام لێرەدا، ئەوە دوژمنێکی داگیرکەر نییە، بەڵکو خیانەتکارێکە کە پۆشاکی نیشتمانیی لەبەردایە."

ئاماژەی بەوەش کرد، بەکرێگیراوێک بە شێوەزاری عێراقی قسە دەکات و لە پشتەوە چەقۆیان لێ دەدات. نەفرەتی خودا لەو حکوومەتە بێت کە بۆ ڕازیکردنی بێگانە هەژارانی وڵاتەکەی دەکوژێت. حکوومەتێک کە زەلیلی بۆ ئێمە هێناوە و شەرەفمانی فرۆشتووە، هاووڵاتی کردۆتە خۆڵ و دزەکانی کردووەتە سەروەری خەڵک."

فەرتوسی گوتیشی، "هەڵسن ئەی خەڵکی ئازاد، چونکە بێدەنگی خیانەتە، بەسرە دووجار زەلیل نابێت، جارێک بە تاڵانکردنی نەوتەکەی و جارێکیش بە ڕووخاندنی ماڵەکانی."

ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە حەسەن شەداد فارس، دانی بەوەدا نا کە زێدەڕۆیی  قبوڵکراو نییە، بەڵام جەختی لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی بژاردەیەکی دیکە کردەوە پیش ئەوەی خانووەکان بڕوخێنرێن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە کۆبووەتەوە، کە لە بەرانبەردا بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرە و شارەوانییەکانی ئاگادار کردووەتەوە، بۆ ئامادەکردنی پارچە زەوییەکی 200 مەتری بۆ هەر هاووڵاتییەک کە لەبەر زێدەڕۆیی خانووەکەی دەڕوخێنرێت.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە جەختی لە گرنگی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و ئاو پێش دابەشکردنی ئەو زەویانە کردەوە. ڕاشیگەیاند،  زۆری ژمارەی زێدەڕۆکاران، کێشەکەیان گەورەتر کردووە، بەتایبەتی لە قەزای زوبێر کە زۆرترین خانووی زێدەڕۆی تێدایە.