کۆمیسیۆن: نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار دەنگدەر کارتەکانی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە.
دووشەممە، 19-05-2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ملیۆنێک و 292 هەزار و 45 دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق نوێ کردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی کۆمیسیۆن، لە پارێزگای نەینەوا زیاتر لە ناوچەکانی دیکە هاووڵاتییان سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەرانیان کردووە و کارتەکانیان نوێ کردووەتەوە. دوای ئەویش ناوچەکانی ڕەسافە و کەرخی بەغدا دێن. هەروەها لە پارێزگای هەولێریش 95 هەزار و 417 دەنگدەر کارتەکانیان نوێ کردووەتەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوا دەکات ئەو دەنگدەرانەی کێشە لە کارتەکانیان هەیە سەردانی یەکێک لەو هەزار و 79 بنکەی کۆمیسیۆن بکەن کە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکان تاوەکو پێنج ڕۆژی دیکە کراوە دەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 11ى تشرینى دووەمى 2025ى دیاری کردووە وەکو ڕۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان.