لە ڕیزبەندی سەلامەتترین شارەکانی جیهان، بەغدا لە پلەکانی کۆتاییدایە

بەگوێرەی گۆڤاری 'CEOWORLD' ئەمەریکایی، بەغدا لە ڕیزبەندی دواهەمین شارەکانی جیهاندایە لەڕووی سەقامگیریی ئەمنییەوە.

گۆڤاری 'CEOWORLD' ئەمەریکایی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە "ئەو شارانەی جیهان کە ڕێژەی تاوانیان تێدا کەمە، زۆرترین گەشتیار و ڕێژەی دانیشتوانیان هەیە، هەروەها جێبەجێکردنی یاسا و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و سەقامگیری بەشدارن لە بەرزبوونەوەی ئاستی سەلامەتیی لەم شارانەدا."

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، لەسەر ئاستی جیهان، ئەبوزەبی لە ڕیزبەندی سەلامەتترین شارەکانی جیهان بۆ ساڵی 2025 دێت، ئەمەش لە کۆی 300 شار کە لە خشتەکەدا ناویان هاتووە، ئەبوزەبی لە ئیمارات بەپلەی یەکەم دێت، دوای ئەو تایپی، پایتەختی تایوان دێت، هەروەها دەوحەی پایتەختی قەتەر ڕیزبەندی سێیەمی گرتووە و ڕەئسلخەیمەی ئیماراتیش ڕیزبەندی چوارەمی بەدەست هێناوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گۆڤارە ئەمەریکاییەکە، شاری مەسقەتی پایتەختی عوممان، پلەی شەشەمی بەدەست هێناوە لاهای لە هۆڵەندا و بێرن لە سویسرا پلەی حەوتەم و هەشتەمیان بەدەست هێناوە، هەروەها شاری میونشنی ئەڵمانی لە پلەی نۆیەم دێت، ترۆندهایمی نەرویجیش پلەی دەیەمی بەدەست هێنا.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەغدای پایتەختی عێراق لە پلەی 264ی ڕیزبەندییەکەدا هاتووە، لەنێو سەلامەتترین شارەکانی جیهاندا.

شیکاگۆ لە ئەمەریکا و کامپیناس لە بەرازیل لە ڕیزبەندی ناسەلامترین شارەکانی جیهاندان.