بەسرە.. ڕێژەی هەژاریی لە %40ـی تێپەڕاندووە

نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە، ئاشکرای دەکات ڕێژەی هەژاریی لە پارێزگای بەسرە بەرز بووەتەوە، گوتیشی، 40%ـی هاووڵاتیانی بەسرە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان نییە و خاوەنی ماڵ و حاڵی خۆیان نین.

چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەکە، بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند "لایەنە سیاسییەکانی بەسرە، چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و چ ئەوانەی کە هێشتا نەگەیشتوونەتە دەسەڵات، پیویستە ناکۆکییە سیاسییەکان وەلا بنێن و سەرنج بخەنە سەر ئەوەی تاوەکوو چەند مافە سەرەتاییەکان بە هاووڵاتیان دەبەخشرێت."

تەمیمی جەختی کردەوە "زیاتر لە 40%ـی دانیشتوانی بەسرە هێشتا شوێنی نیشتەجێبوونی شایستە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان نییە، هەروەها بەگوێرەی پێوەری وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بۆ پێناسەی هەژاری، ڕێژەی هەژاریی لە پارێزگاکەدا لە 40% زیاترە، ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی ئابووریی ڕاستەقینەن کە پێویستی بە چارەکردنی بەپەلە هەیە."

ئاماژەی بەوەش کرد "بەسرە بەدەست پیسبوونی ئاو و خاک و هەواوە گیرۆدەیە، کە مەترسییەکەی لە هەندێک ناوچەدا دەگاتە سەرووی 50%، ئەمەش مەترسی ڕاستەوخۆی بۆ سەر تەندروستیی گشتی هەیە."

بەگوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی بەسرە بە 3.5 ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت، واتە 9%ی دانیشتوانی عێراق پێک دەهێنێت، هەرچەندە دەوڵەمەندە بە نەوت و بەندەری بازرگانی، بەڵام  ڕێژەی بێکاریی و هەژاریی تێیدا بەرزە. ئەو پارێزگایە لە ڕێژەی بێکارییدا لە پلەی چوارەم دێت لە دوای نەینەوا و موسەننا و زیقار کە 21.8%ـە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment